هەولێر - KDP.info - ئەمڕۆ لە بارەگاى مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان، بەرێز فازڵ میرانى، سکرتێرى مەکتەبى سیاسى، پێشوازیى لە نێچیرڤان حسێن کەلارى، سکرتێر و مەکتەبى سکرتارییەت و بەرپرسى لقەکانى یەکێتیى قوتابیانى کوردستان کرد.
سەرەتا بە دەقیقەیەک ڕاوەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانى پاکى شەهیدانى ڕێگاى ڕزگاریی کوردستان و سەروەریى شەهیدان، بارزانى نەمر و کاکە ئیدریسى هەمیشە لە یاد و، بە ئامادەبوونى ئەڤین هروورى، ئەندامى سەرکردایەتیى پارتى دیموکراتى کوردستان و بەرپرسى دەستەى ڕێکخراوە جەماوەرى و پیشەییەکانى پارتى و سەڵاح فەیلى، بەرپرسى مەلەفى قوتابیان لە دەستەى ڕێکخراوە جەماوەرى و پیشەییەکان کۆبوونەوە دەستى پێ کرد و فازڵ میرانى وێڕاى بەگەرمى بەخێرهێنانى شاندى میوان، پیرۆزباییى سەرکردایەتیی پارتى دیموکراتى کوردستانى پێشکەش کرد، بە بۆنەى یادى 67 ساڵەى دامەزراندنیان و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواستن.
لەم کۆبوونەوەیەدا، فازڵ میرانى ڕۆڵى گرنگى قوتابیانى لە خەباتى نهێنى و پارتایەتى لە کاتى شۆڕش تا ئەمڕۆ بە بەرچاو و دیار و بەرز نرخاند و گوتی: وەکو بارزانى نەمر کە فەرمووى. 'قوتابی سەرى ڕمى شۆڕشن' و مافى خۆتانە شانازى بەم سەروەرییە لە خەبات و قوربانیدان و شەهیدان بکەن. یەکیتیى قوتابیان قوتابخانەى پێگەیاندنى بەشی هەرەزۆرى سەرکردەکانە و هیچ کات ڕۆڵ و قوربانیدانیان لەبیر ناکرێت.
دواتر سکرتێرى مەکتەبى سیاسى ئاماژەى بەوە دا، کە کاریگەریى هێزى قوتابیان لە سەرەتاى هەڵگیرسانى شۆڕشى ئەیلوولەوە هەردەم لە سەنگەردا بوون و بەرگرییان لە شۆڕش دەکرد و پارتى هەمیشە بە ستراتیژى و پلان کارى کردووە لەپێناو زیاتر خزمەتکردنى گەڵى کوردستان و پێشکەوتنى کوردستان لە گشت بوارەکاندا و هەمیشە پارێزەرى ئەم دەستکەوتانەیە و، لە دواییدا گۆڕانکارییەکانى ناوچەکەى شی کردەوە و قوتابیان و لاوان لە کوردستانى بە بەهێزترین چینى هەرێمى کوردستان ناوزەد کرد، بۆ خزمەتکردنى کوردستان و بۆ بەدەستهێنانى زانست و زانیارى و بەرپرسیارەتى لە ئایندەى کوردستاندا.
لە کۆتاییدا سکرتێرى مەکتەبى سیاسى تەئکیدى کرد، کە یەکیتیى قوتابیان ئەو هێزەیە کە خاوەنى مێژوییەک لە تێکۆشان و قوربانیدانن لە بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى کوردستان و هەمیشە داکۆکیکەر بوون لە بەدیهێنانى مافە ڕەواکانى گەڵەکەیان.