دیجیتاڵ میدیاى سپێده
لە بەیانییەکی زووەوە مەراسیمی یادکردنەوەی کیمیاباران و قوربانییانی کارەساتی هەڵەبجە بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان و بەرپرسان و نوێنەری وڵاتانی دنیا و کۆنسولەکان لە هەڵەبجە دەستیپێکرد و تاجەگوڵینەی وەفا لەسەر گڵکۆ و مۆنومێنتی شەهیدان دانرا.
جێگری کۆنسولی ئەمریکا لە هەولێر، کەیتی کایزەر کە یەکێک بوو لە بەشداربووانی مەراسیمەکە لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان رایگەیاند "ئەمڕۆ ٣٣ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر پەلاماردانی هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی کە لەلایەن رژێمی بەعسەوە ئەنجامدرا، زیاتر لە پێنج هەزار پیاو و ژن و منداڵ شەهیدبوون لە قێزەونترین تاوانی کۆمەڵکوژی لە مێژووی هاوچەرخدا، هەزارانی دیکەش برینداربوون کە سەدانیان هەتاوەکو ئێستاش بەدەست نەهامەتییەکانیانەوە دەناڵێنن، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شان بە شانی خانەوادەی ئەو کەسانە دەوەستێت کە نەهامەتییان چەشتووە، هەروەها رێز لە یادکردنەوەی قوربانییانی کارەساتە دەگرین و هاوسۆزی بۆ دەربازبووە بوێرەکان دەردەبڕین".
کەیتی کایزەر راشیگەیاند "ئەمڕۆ رۆژی پرسەیەکی گەورەیە، رۆژی یادکردنەوەیە، زۆر گرنگە کات تەرخان دەکەین و یادی قوربانییەکان دەکەینەوە، لەڕێی ئەم یادکردنەوەیەشەوە ئێمە پابەندی خۆمان دووپات دەکەینەوە کە لە داهاتوودا، کارەساتی جەرگبڕی لەو شێوەیە هەرگیز روونادات، هەروەها پابەندی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ بنەماکانی لێبوردەیی و ئاشتی و مافی مرۆڤ و پێکەوەبوون".
جێگری کۆنسولی ئەمریکا لە هەولێر، کەیتی کایزەر گوتی: "لەکاتێکدا کە ئێمە لێرە وەستاوین و یادی رابردوو و ئەو کارەساتە دەکەینەوە، پێویستە ئەوەش بزانین کە لەڕێگای قوربانیدان و ماندووبوونیانەوە خەڵکی کوردستانی عێراق بەرەوپێشچوونی زۆریان بەدەستهێناوە، ئێمە زۆر شانازی دەکەین کە هاوشان و هاوبەشی ئێوەین، پێکەوە دەبێت کاربکەین و دڵنیابین لەوەی ئەو کارەساتەی لە هەڵەبجە روویدا هەرگیز لە داهاتوودا، دووبارە نابێتەوە".
کەیتی کایزەر هەروەها گوتی: "کاتێک کە ئێمە هەڵوەستە دەکەین ساتێک بۆ یادکردنەوەی رابردوو دەوەستین، هیوادارم لە هەمانکاتدا روو لە ئاسۆبین و چاومان لە داهاتووشبێت، پێویست دەکات پێکەوە هاوشان و هاوبەشبین بۆ دروستکردنی داهاتوویەک کە تیایدا دادپەروەری و ئاشتی تێدایە و شایەنی گیانی ئەو کەسانەیە کە بوونەتە قوربانی و لێرە گیانیان سپاردووە".