رووسیا.. ره‌نگه‌ له‌ماوه‌ی مانگێكدا تویته‌ر به‌ ته‌واوه‌تی دابخرێت

دوایین نوێکردنەوە 2021-03-16 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپیده‌

دامه‌زراوه‌ی فیدراڵیی چاودێرییكردنی په‌یوه‌ندیی به‌ كۆمه‌ڵ و ته‌كنه‌لۆژیای زانیاریی رووسیا ئاشكرایكرد ره‌نگه‌ له‌ ماوه‌ی مانگێكدا تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر به‌ ته‌واوه‌تی دابخه‌ن.

جێگری سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی فیدراڵیی چاودێرییكردنی په‌یوه‌ندیی به‌ كۆمه‌ڵ و ته‌كنه‌لۆژیای زانیاریی رووسیا، ڤادیم سوبۆتین له‌ لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی تاس-ی رووسی، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد بۆ ماوه‌ی مانگێك لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هه‌ڵگرتنی ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ "ناوه‌ڕۆكی یاساغكراو" له‌ خۆده‌گرن له‌لایه‌ن تویته‌ره‌وه‌ ده‌كه‌ن و له‌ ئێستادا خێرایی كاركردنی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ كه‌مكراوه‌ته‌وه‌.

ڤادیم سوبۆتین باسی له‌وه‌شكردووه‌ له‌ كۆتایی واده‌كه‌دا بڕیاری پێویست له‌باره‌ی تویته‌ره‌وه‌ ده‌درێت و رایگه‌یاندووه‌: "ئه‌گه‌ر یاساكانی رووسیا جێبه‌جێ نه‌كات، ئه‌وا بابه‌تی به‌ ته‌واوه‌تی قه‌ده‌غه‌كردنی تویته‌ر له‌ رووسیا، تاوتوێ ده‌كه‌ین. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ ئه‌نجامیبدات، ئه‌وا ئه‌و سزایانه‌ی له‌ ئێستادا به‌سه‌ریدا سه‌پێنراون، هه‌ڵده‌گرین".

دامه‌زراوه‌كه‌ رۆژی ١٠ی ئادار بڕیاریدا به‌ تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی كه‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی هه‌ڵنه‌گرتووه‌ كه هانی خۆكوژیی، به‌دڕه‌وشتیی و بابه‌تی په‌یوه‌ست مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ده‌ن، خێرایی كاركردنی تۆڕه‌كه‌ له‌سه‌ر مۆبایل و لاپتۆپه‌كان بۆ له‌سه‌دا ٥٠ كه‌مبكاته‌وه‌