وەزیری ئەوقاف، به‌ فه‌رمى بانگهێشتى شێخى ئه‌زهه‌ر بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌كات

دوایین نوێکردنەوە 2021-03-16 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان، پشتیوان سادق رایگەیاند، بانگهێشتنامەیەکی فەرمی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی گەیاندووەتە شێخی ئەزهەر، ئەحمەد تەیب مەبەستی سەردانیکردنی بۆ هەرێمی کوردستان.

پشتیوان سادق لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیوویەتی "لە چوارچێوەی سەردانەکەماندا بۆ میسر، چاومان کەوت بەشێخی ئەزھەر، د. ئەحمەد تەیب و بانگھێشتنامەیەکی فەرمی و رێزی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی کوردستانمان پێیگەیاند بەمەبەستی سەردانیان بۆ کوردستان".

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کورستان ئاماژەی بەوەشکردووە کە پێزانینی سەرکردایەتی ھەرێمی کوردستان و مامۆستایانی ئایینی بۆ رۆڵی میانرەوی ئەزھەر لە گەیاندنی پەیامی پیرۆزی ئیسلام گەیاندووەتە ئەحمەد تەیب.

بەگوتەی پشتیوان سادق، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لەبارەی قوتابیانی ھەرێمی کوردستان کردووە کە لە زانکۆکان و ناوەندەکانی خوێندن لە ئەزھەر دەخوێنن.

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە شێخی ئەزھەر باسی رۆڵی زانایان و رۆشنبیرانی کوردی کردووە لە خزمەت ئایین و موسوڵماناندا، ھەروەھا ھەرێمی کوردستانی بەشوێنێکی ئارام و لانەی پێکەوەژیان وەسف کردووە و خۆشحاڵی خۆی بە بانگھێشتنامەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان نیشانداوە.

رۆژی ١٢ی ئادار، سەرۆکی دیوانی وەقفی سوننە لە عێراق، سەعد کومەبش رایگەیاند، لە میانی سەردانێکی بۆ میسر، چاوی کەوتووە بە شێخی ئەزهەر ئەحمەد تەیب و بانگهێشتنامەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی و دیوانی وەقفی سوننە لە عێراقی رادەستی ئەحمەد تەیب کردووە بەمەبەستی سەردانی بۆ عێراق.