مامۆستایەکی زانکۆ: یاسای چاکسازی لە ماوەی سێ مانگدا جێبەجێ دەکرێت

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-12 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- بڕیارە ھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوە بچن و مامۆستایەکی زانکۆش ئاشکرای کرد، لە ماوەی سێ مانگدا یاسای چاکسازی جێبەجێ دەکرێت و پەرلەمانیش چاودێریی پڕۆسەی چاکسازی دەکات.

دکتۆر مەدحەت سلێمان، مامۆستای زانکۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی بڵاو کرایەوە، بڕیارە لە ماوەی سێ مانگدا یاسای چاکسازی لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، بەڵام لەوانەیە ھەندێ بڕگە و ماددە کاری زیاتریان بوێت بۆ ئەوەی وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن، لەوانەش پێداچوونەوە بە پلەی فەرمانبەران و کەرتی سەربازیدا دەکرێت، ئەمەش پڕۆسەیەکی زۆر ئاسان نابێت."

ئەو مامۆستایەی زانکۆ دەشڵێت: "ژمارەیەک لیژنەی تایبەتمەند پێک دێن، بەتایبەتی لە وەزارەتی دارایی و پێشمەرگە لیژنە بۆ پێداچوونەوەی لیستی فەرمانبەران و سەربازی پێک دێت، بۆ ئەوەی بەگوێرەی یاسا ھەرکەسە و مافی خۆی پێ بدرێت."

دکتۆر مەدحەت سلێمان ڕوونی کردەوە: "پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بە وردی چاودێریی پڕۆسەی چاکسازی دەکەن و لە ھەر شوێنێک ئاستەنگ، یان کەمتەرخرمی پەیدا بێت ئەوە پەرلەمان مافی لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی ھەیە."

قائید میرۆ