عێراق.. ئەنجوومەنی نوێنەران نەیتوانی پرۆژەیاسای دادگای باڵای فیدراڵی پەسەند بکات

دوایین نوێکردنەوە 2021-03-17 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

 

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا کە تا دەرنگانی شەوی رابردوو بەردەوامبوو، نەیتوانی پڕۆژەیاسای دادگای باڵای فیدراڵی پەسەند بکات.

ئەمەیش لە کاتێکدایە کە ھێشتا ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکان لەسەر سێ ماددەی سەرەکیی نێو پڕۆژەیاساکە بەردەوامە.

ئەوەیش بۆ جاری دووەمە کە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نەتوانێت، پڕۆژەیاساکە پەسەند بکات.

لەمبارەیەوە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی ھاوپەیمانیی ھێزەکانی عێراق، زافر عانی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیوویەتی: "ئەنجوومەنی نوێنەران لە دانیشتنەکەی دوێنێ سێشەممەدا، بەھۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی لە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامان تەواو بکات، نەیتوانی پڕۆژەیاسای دادگای باڵای فیدراڵی پەسەند بکات".

لەبەر ئەوە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە بۆ سبەی پێنجشەممە دواخرا.

ئەو سێ ماددەیەی کە ماون بریتین لە ماددەکانی دووەم، سێیەم و دوازدەھەم.

ماددەی دووەم لە پرۆژە یاساکە پەیوەستە بە پێکھاتەی دادگاکە کە چەند بابەتێک لەخۆ دەگرێت لەوانە؛ پێکھاتەی دادگاکە و ژمارەی ئەندامەکانی کە لە چەند دادوەر و شارەزای شەرعیی و شارەزای یاسایی پێکبێت.

ھەروەھا ماددەی سێیەمی پڕۆژە یاساکە پەیوەستە بە دیاریکردنی ئەندامانی دادگاکە بەوەی کێ دەتوانێت دایانمەزرێنێت، بۆ ئەمەش ناکۆکی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان دروست بووە.

ماددەی ١٢یەمی پرۆژە یاساکەش کە میکانزمی بڕیاردانی داگاکەیە کە بەچ شێوەیەک دەبێت، ئایا لە ھەموو بابەتەکاندا بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ یان زۆرینەی سادە.