دیجیتاڵ میدیاى سپێده
بەرلە هەڵبژاردنەکانی ٢٣ی ئادار، هەزاران کەس خۆپیشاندانیان دژبە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو ئەنجامدا.
خۆپیشاندەران لەبەردەم پەرلەمانی ئیسرائیل گردبوونەوە و بەرەو بینای سەرۆکایەتی وەزیران لە قودسی خۆرئاوا رێپێوانیان سازکرد.
لە خۆپیشاندانەکەدا کە زیاتر لە ١٠ هەزار کەس بەشداریان کردبوو، تیایدا لە پاڵ ئاڵای ئیسرائیل ئاڵای رەشیش بەرزکرایەوە.
خۆپیشاندەران تیشێرت و دەمامکێکیان بەستبوو کە لە سەریان نووسرابوو 'سەرۆکوەزیرانی تاوانبار' و ناو بە ناو هوتافیان دژبە بێنیامین ناتانیاهو دەگووتەوە.
ئەوەی بووە مایەی سەرنج بوونی قەرەباڵغی خۆپیشاندانەکە بوو لە پێش ئەو هەڵبژاردنەی رۆژی سێشەممە لە ئیسرائیل ساز دەکرێت.
پۆلیس رێوشوێنی توندوتۆڵی گرتەبەر و تەواوی ئەو رێگایانەی داخست کە دەچوونە ئەو مەیدانەی خۆپیشاندانەکەی تیادا بەڕێوەدەچوو.
لە ئیسرائیل ئۆپۆزسیۆن ٣٩ هەفتەیە خۆپیشاندان دەکات دژبە بێنیامین ناتانیاهو و داوا دەکات بەهۆی دۆسیەی گەندەڵی و باش بەڕێوەنەبردنی قۆناغی رووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ دەستلەکاربکێشێتەوە.
لە ماوەی دوو ساڵدا، ئەوە بۆ جاری چوارەمە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ئیسرائیل ساز دەکرێت و تیایدا زیاتر لە شەش ملیۆن ٣٠٠ هەزار دەنگدەر لە ٢٣ی ئاداردا دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
بێنیامین ناتانیاهو دەیەوێت هەڵبژاردنەکە بباتەوە و دەستی بەهێز بێت لە دۆسیەی گەندەڵیدا.