رێگاكانی ھەولێر - سۆران و دەروبەری داخران و تیمەكانیش سەرقاڵی راماڵینی بەفرن

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-13 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

سۆران-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، شەپۆلێكی بەفربارین شار و شارۆچكەكانی ھەرێمی كوردستانی گرتەوە، بەو ھۆیەشەوە بەشێكی زۆری رێگاكان داخراون و ئاستەنگی ھاتوچۆ بۆ شوفێران و ھاووڵاتیان دروست بووە.

بەرپرسی راگەیاندنی كەرتی چواری رێگاوبانی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاند: "تیمەكانمان لە رێگاكانی مێرگەسۆر و شەقڵاوە و مەسیف و سۆران و حاجی ئۆمەران سەرقاڵی پاككردنەوەی رێگاكانن، بەڵام بە ھۆی بەردەوامیی شەپۆلەكەوە، ناتوانرێ وەك پێویست رێگاكان پاك بكرێنەوە".

گوتیشی: "داواكارین لە شوفێران و ھاووڵاتیان ئەگەر كارێكی پێویستیان نەبێت، ھاتوچۆ نەكەن بۆ شوێنەكان تا تیمەكانی راماڵینی بەفر فریای خاوێنكردنەوە بكەون".

ھاوكات کرمانج عزەت، قایمقامی قەزای سۆران، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ڕێگاكانی نێوان ھەولێر، سۆران، حاجی ئۆمەران، سیدەكان، مێرگەسۆر، خەلیفان و رانیە بە ھۆی بەردەوامیی بەفربارینەوە گیراون.

ناوبراو دەشڵێت:" ھیواخوازین شوفێران و ھاووڵاتیان لەو ناوچانە ھاتوچۆ رابگرن تا تیمەكان بتوانن رێگاكان پاك بكەنەوە".

 

سیروان سابیر