ئیخوان موسلیمین: نێوه‌ندگیرى توركیا له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتى سیسى قبوڵ ده‌كه‌ین

دوایین نوێکردنەوە 2021-03-22 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

سپێده‌ - خالد ته‌ڵعه‌ت

جێگرى رابه‌رى گشتى ئیخوان موسلیمینى میسر رایگه‌یاند: ئه‌وان وه‌ك كۆمه‌ڵه‌ى ئیخوان موسلیمین نێوه‌ندگیرى توركیا له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتى سیسى قبوڵ ده‌كه‌ن چونكه‌ متمانه‌یان به‌ توركیا هه‌یه‌ و به‌ ده‌ستێكى ئه‌مین ده‌زانن بۆ ئه‌م نێوه‌ندگیریه‌.

ئیبراهیم مونیر جێگرى رابه‌رى گشتى ئیخوان موسلیمین له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى جه‌زیره‌ى قه‌ته‌رى رایگه‌یاند: توركیا رێز له‌ په‌نابه‌رانى سیاسى ده‌گرێت و به‌ ئاسانى ده‌ستبه‌ردارى مافه‌كانیان نابێت، وه‌ك ئیخوان موسلیمینیش ئێستا په‌نابه‌رى سیاسین له‌ توركیا و رێز له‌ یاساكانى ئه‌و وڵاته‌ش ده‌گرن و هه‌ر بڕیارێك بدات له‌ باره‌ى ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیه‌كانى له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتى میسر وه‌ك ئیخوان رێز له‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌گرن.

ئه‌و لێدوانه‌ى جێگرى رابه‌رى گشتى ئیخوان موسلیمین دواى یه‌ك هه‌فته‌ له‌ لێدوانكه‌ى مه‌ولود چاوشئۆغڵۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا هات كه‌ رایگه‌یاندبوو: ئه‌وان توركیا په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتى میسر ئاسایی ده‌كه‌نه‌وه‌.

له‌ باره‌ى ده‌ستپێكردنى گفتوگۆ له‌ نێوان كۆمه‌ڵه‌ى ئیخوان موسلیمین و ده‌سه‌ڵاتى عبدلفتاح سیسی، ئیبراهیم مونیر جێگرى رابه‌رى گشتى ئیخوان موسلیمین گوتى: ئێمه‌ هیچ نێوه‌ندگیریه‌كى خێر ره‌ت ناكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك ئیخوان موسلیمین مافمان له‌ میسر خوراوه‌ و پێویسته‌ ئه‌و مافه‌مان بۆ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ و سه‌ركرده‌كانى ئیخوان ئازاد بكرێن كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى سیسى رۆژانه‌ له‌ زیندانه‌كان به‌هۆى ئه‌شكه‌نجه‌ و ئازار گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، بۆیه‌ توركیا ده‌زانێت كه‌ ده‌سه‌ڵاتى سیسى چه‌ند سته‌مى له‌ ئیخوان موسلیمین كردووه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش ده‌ستبه‌ردانى ئه‌و ئیخوان نابیت.

جێگرى رابه‌رى گشتى ئیخوان موسلیمین ئه‌وه‌شى راگه‌یاند: ده‌سه‌ڵاتى سیسى دان به‌ به‌رامبه‌ره‌كانى و ئۆپۆزسیۆنى میسر نانێت و له‌دواى كوده‌تاكه‌ى ساڵى 2013 و لابردنى موحه‌ممه‌د مورسی سه‌رۆكى هه‌ڵًبژێردراوى میسر، ئێستا به‌شێوه‌ى قه‌ده‌غه‌كراو مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئیخوان موسلیمین ده‌كات بۆیه‌ ده‌بێت یه‌كه‌م جار ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ راست بكرێته‌وه‌.
له‌باره‌ى په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان میسر و توركیا ئیبراهیم مونیر رایگه‌یاند: په‌یوه‌ندیه‌ ئابورى و بازرگانیه‌كان له‌ نێوان میسر و توركیا به‌رده‌وامه‌ رانه‌گیراوه‌ به‌ڵام له‌دواى كوده‌تاكه‌ سیسى به‌هۆى هه‌ڵوێستى توركیا له‌ به‌رامبه‌ر كوده‌تا و ره‌تكردنه‌وه‌ى دانپێدانان به‌ ده‌سه‌ڵاتى كوده‌تاچیه‌كان میسر په‌یوه‌ندیه‌ سیاسیه‌كانى له‌گه‌ڵ توركیا راگرتووه‌ و ئێستاش هه‌ردوولا به‌نیازن په‌یوه‌ندیه‌كانیان ئاسایی بكه‌نه‌وه‌.