رووسیا و چین داوا لە ئەمریكا دەكەن بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتننامەی ئەتۆمی ئێران

دوایین نوێکردنەوە 2021-03-23 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

هه‌ریه‌كه‌ له‌چین و روسیا داوایان له‌ئه‌مریكا كرد به‌بێ هیچ پێشمه‌رجێك وبه‌زووترین كات بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ رێككه‌وتننامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران.

له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین بڵاویكرده‌وه‌: سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى روسیا له‌میانه‌ی سه‌ردانێكی دوو رۆژه‌یدا بۆ چین له‌گه‌ڵ هاوتا چینیه‌كه‌ى ڤانگ یی كۆبووه‌ته‌وه‌ وهه‌ردوو وه‌زیر ده‌رباره‌ی دواین ره‌وشی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا دواون.

راشیانگه‌یاندوه‌: حكومه‌تی واشنتۆن له‌چه‌ند ساڵی رابردوودا زیانیان به‌ئاشتی وگه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی گه‌یاندووه‌ وپێویسته‌ ئه‌مریكا واز له‌ره‌فتاری خۆسه‌پێنانه‌، ده‌ستوه‌ردان له‌كاروباری ناوخۆی وڵاتان ودروستكردنی گرووپی بچوكی یاخیبوون بهێنێت.

هه‌ردوو وه‌زیر، جه‌ختیان له‌وه‌ش كرده‌وه‌: پێویسته‌ ئه‌مریكا به‌بێ هیچ پێشمه‌رجێك وبه‌زووترین كات بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران وسزاكانیشی له‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ هه‌ڵبگرێت.

وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی چین و روسیا، ده‌رباره‌ی پرسی ئاشتی ئه‌فغانستان جه‌ختیان له‌گرنگی هه‌موو هه‌وڵێكی نێوده‌وڵه‌تی وپێویستی خێراكردنی قۆناغی دانوستانه‌كان كرده‌وه‌.