ديجيتال ميدياي سپێده
ئەمڕۆ شەممە کە ھاوکاتە لەگەڵ رۆژی جیھانی شانۆ، ھونەرمەندێکی شانۆکاری شاری کەرکووک لەنێو زبڵدانی گەڕەکی شۆرجە شانۆیی شارەکەم-ی نمایش کرد.
دەقی شانۆگەریەکە باسی لە کێشە و گرفتەکانی بەردەم ھونەرمەندانی شاری کەرکووک بەتایبەت شانۆکاران دەکات و کێشەی کەڵەکەبوونی زبڵ و خۆڵ و خاشاکیشی وەک سەرچاوەی دەقی شانۆکە ھەڵبژارد و لەنێو یەکێک لە زبڵدانەکانی شارەکە نمایشکرا.
ھونەرمەند زانیار جومعە لەسەر نمایشهكهی گوتی: "ئیدارەی ئەم شارە ھیچ کات گرنگییان بەھونەری شانۆ نەداوە و بەلایانەوە گرنگ نەبووە، ھەربۆیە ھیچ ھۆڵێکی شانۆ لە شاری کەرکووکدا نییە و ئەوەیشی ھەبوو، بینای سەنتەری رۆشنبیریی کەرکووکە کە ماوەی چەند مانگێکە بەھۆی کێشەی سیاسییەوە داخراوە.
لەسەر ھەڵبژاردنی زبڵدانێک بۆ نمایشی شانۆگەریەکەی، زانیار جومعە گوتی: "کۆبوونەوەی زبڵ و خۆڵ و خاشاک، ئەم شارەی تەنیوە و کەس گرنگی بەپاککردنەوەی شارەکە نادات ئەمەیش لەکاتێکدایە ھەفتانە سێ رۆژ قەدەغەی ھاتوچۆیان راگەیاندووە بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بیریان چووە کە ئەم خۆڵ و پیسیەی ناوشار ھۆکارێکە بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
ھونەرمەند زانیار جومعە لەدایکبووی ساڵی 1973 شاری کەرکووکە و ماوەی 25 ساڵە سەرقاڵی ھونەری شانۆیە و خاوەنی چەندین دراما و شانۆگەریە.