لیژنه‌ى دارایی په‌رله‌مانى عێراق له‌سه‌ر پشكى هه‌رێمى كوردستان رێككه‌وت

دوایین نوێکردنەوە 2021-03-27 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

له‌ كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ى دارایی په‌رله‌مانى عێراق، رێككه‌وتن له‌سه‌ر پشكى هه‌رێم له‌ بودجه‌ى گشتى كراو ئه‌و بڕگه‌یه‌ى لایه‌نه‌ شیعه‌كان زیادیان كردبوو لابرا.

د.جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایی و سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو به‌ دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌ى راگه‌یاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ لیژنه‌ى دارایی، ئه‌و بڕگه‌یه‌ لابرا كه‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كان زیادیان كردبوو به‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان ئه‌گه‌ر باپه‌ندى ته‌واوى رێككه‌وتنه‌كه‌ نه‌بێت ئه‌وا پشكى له‌ بودجه‌ى گشتى عێراق بۆ نه‌نێردرێت.

د.جه‌مال كۆچه‌ر وتیىشى، به‌پێى رێككه‌وتنه‌كه‌ هه‌رێمى كوردستان په‌یوه‌ستكراوه‌ به‌ جێبه‌جێكردنى بڕگه‌كانى رێككه‌وتنه‌كه‌.

به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ی 14ی (ئازار/3)ی 2021ی نێوان شاندی هه‌رێمی كوردستان و لیژنه‌ی دارایی عێراق پێویسته‌ ھه‌رێمی كوردستان له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی شایسته‌ داراییه‌كانی، 460000 (چوار سه‌د و شه‌ست هه‌زار) به‌رمیل نه‌وت له‌ رۆژێكدا راده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، هه‌روه‌ها 30000 (سی ھه‌زار) به‌رمیل نه‌وت بۆ كاره‌با و 180000 (سه‌د و هه‌شتا ھه‌زار) به‌رمیلی دیكه‌ی بۆ تێچوی ده‌رھێنان، ھه‌روه‌ھا 20000 (بیست ھه‌زار) به‌رمیل بۆ پترۆدۆلار ده‌درێت به‌ ھه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام له‌دواین ساته‌كانی ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه‌ لایه‌نه‌ شیعیه‌كان له‌و رێكه‌وتنه‌ پاشگه‌زبونه‌وه‌ و داواده‌كه‌ن بڕی 460000 (چوار سه‌د و شه‌ست هه‌زار) رۆژانه‌ یان به‌هاكه‌ی به‌و نرخه‌ی كۆمپانیایی سۆمۆ ده‌یفرۆشێت، راده‌ستی ئه‌و كۆمپانیایه‌ی بكات.