ئێران.. ٩١ کەسی دیکە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستدا

دوایین نوێکردنەوە 2021-03-30 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

لە ئێران ٩١ کەسی دیکە بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ گیانیان لەدەستداوە، بەمەیش ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا بەھۆی ئەو پەتا جیھانگیرەوە لەو وڵاتەدا گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ ٦٢ ھەزار و ٥٦٩ کەس.​​​​​​​

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، سیما سادات لاری رایگەیاند کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ١٠ هەزار و ٢٥٠ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە پەتاکە تۆمارکراوە، لەوانەیش هەزار و ٣٩یان لە نەخۆشخانە خەوێندراون.

سیما سادات لاری باسی لەوە کرد کە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئێران گەیشتووەتە یەک ملیۆن و‌ ٨٧٥ ھەزار و ٩٨٤ کەس و ٩١ کەسی دیکە بەھۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە و کۆی گشتیی ئەوانەی لەو وڵاتەدا گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ ٦٢ ھەزار و ٥٦٩ کەس.​​​​​​​

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئەوەشی خستەڕوو کە رەوشی تەندروستی سێ ھەزار و ٩٥٣ کەس ناجێگیرە و تا ئێستا یەک ملیۆن و ٦٠٨ ھەزار و ٨٠٧ تووشبوو چاکبوونەتەوە و رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.

ئێران کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ٨٣ ملیۆن کەسە بە تێکڕایی ١٢ ملیۆن و ٧٥١ ھەزار و ٣٩٧ پشکنینی تێدا ئەنجامدراوە.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، سیما سادات لاری باسی لە هێڵی مەترسی شارەکان کرد و گوتی: ' ٢٥ شار لە هێڵی سووردان، ٥٦ شار لە هێڵى نارنجی و ٢٧٧ شار لە هێڵی زەرد و ٩٠ شاریش لە هێڵی شینن، چوون ژوورەوە و دەرچوون لەو شارانەی لەسەر هێڵی سوور و نارنجین قەدەغەیە'.