دیجیتاڵ میدیاى سپێده
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگهیاند: ئەگەر د.کازم دڵی پێیخۆشە بڵێت پێڵاوم گرتووەتە سەرۆکی پەرلەمان من لە مافی خۆم خۆشدەبم بەڵام پەرلەمان لێی خۆشنابێت.
دوای رووداوەکانی نێو پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمان د.رێواز فایەق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا روونکردنەوەیدا لەسەر ئەوەی لە هۆڵی پەرلەماندا روویدا و رایگەیاند ئەوەی دەکرێت شەڕ فرۆشتنێکە بۆ سۆشیال میدیا.
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، د.رێواز فایەق لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند"ئەمڕۆ پەرلەمان پیشنیازەیاسایەکی زۆر گرنگی پەسەندکرد کە پێشنیازەیاسای پاراستنی بەرهەمی خۆماڵیییە لە هەرێمی کوردستان، بۆ پاراستنی ئەو جووتیار و کشتیارانەی بە رەنج و ماندوویی خۆیان بەرهەم دەهێنن، بۆ پاراستنی ئەو بەرهەمە پیشەسازییانەی کە کارگەکانی هەرێمی کوردستان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەرهەمی دەهێنن و لەبازارەکاندا وەک پێویست ساغ نابنەوە، ئەم یاسایە بۆ ئێمە گرنگ بوو لە ستراتیژی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان بوو، بەڵام جێی داخە هەموو جارێک کە کۆبوونەوەیەکی گرنگی وادەکرێت رووداوێکی لابەلا روودەدات کە رەنگە ببێتە هۆکاری داپۆشینی ئەوەی کراوە".
دەربارەی ئەو رووداوەی سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ پێڵاوی گرتە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، د.رێواز فایەق رایگەیاند "ئەمڕۆ برای ئازیزمان کاک دکتۆر کازم کە هاتبوو بۆ پەرلەمان بەقسەی خۆی کە دواتر ئێمە گوێمان لێی بوو، ئامادە و ئاراستە کرابوو پێڵاوبگرێتە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان واتە ئەو پێشتر خۆی ئامادەکردبوو ئەو کارەبکات، ئیشەکەی زۆر ترسنۆکانەبوو جارێ ئەبێت ئەوە روونبێت هەڵی نەداوەتە سەر ستەیجی سەرۆکایەتی پەرلەمان و تەنانەت لیژنەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمانیش بەڵکو فڕێیداوەتە بەردەمی خۆی لەو شوێنەی ریزە کورسی وەزیرەکانی لێیە، ئەم حاڵەتە لە پەرلەمانەکانی دنیا روودەدەن بەڵام لەسەر ئەوە روودەدەن کە پەرلەمانتارەکە خۆی ئیحساسی هەیە بەوەی کە ئەبێت ئەوە بکات نەک لە دەرەوە ئاراستەبکرێت".
گوتیشی "لەمنی نەگرتووە پێڵاوەکە بەڵام ئەگەر پێی وایە لەمنی گرتووە یان بانگەشەی ئەوە دەکات و پێی خۆشە و دڵی پێی خۆشدەبێت پێڵاوی لە سەرۆکی پەرلەرمان گرتبێت من لێی خۆش بووم بەڵام ئەو پەرلەمانە لە هەقی خۆی خۆشنابێت، بەگوێرەی بڕیارێکی پەرلەمانی هەتاوەکو بەفەرمی داوای لێبوردن نەکات ناتوانێ بێتەوە دانیشتنەکان، بەرەسمی لەکوێ کردەوەکەی کردووە دەبێت لەوێ داوای لێبووردن بکات و رابگەیەندرێت".
رێواز فایەق گوتیشی "نەوەی نوێ هێزێکی سیاسییە لە هەرێمی کوردستان و فراکسیۆنەکەشیان ئامادەیە، رێزمان گرتوون وەک هەر فراکسیۆنێکی دیکە، ئەگەر سەبر و ئارامگرتنی ئێمە ئەو سەبرە نەبێت کە خوای گەورە بەئێمەی داوە رەنگە بەڕێوەبردنی ئەم خولەی پەرلەمان ئەرکێکی زۆر گران بێت".
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەربارەی هۆکاری ئەوەی بۆچی د.کازم ئەو کاردانەوەیەی هەبوو رایگەیاند "من دڵنیام کاک دکتۆر کازم ئەو بەرنامەی کارەی نەخوێندبووەوە کەلەناو بەرنامەی کاری دانیشتنەکەدا هەبوو چونکە یەکێک لە خاڵەکان پەسەندکردنی پیشنیازە یاسای بەرهەمی خۆماڵی بوو کە بەبەردەوامی قسەی لەسەر دەکرێت کە بەرهەمی خۆماڵی ساغ نابیتەوە، خالێکی دیکە خوێندنەوەی دووەم بوو لەسەر پرۆژەکانی ئاو و ئاوەڕۆ کە هەموومان هاوارمانە لەوەی زیادەرەوی زۆریان دەکرێتە سەر، خاڵێکی دیکە پیشنیازەیاسای هاوردەکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان بوو کە پەیوەستە بە هاوردەکردنی بەنزین و گازوایل لە دەرەوەی هەرێم بۆناو هەرێمی کوردستان و ئەو ئیشەی کە ئەندامانی پەرلەمان لەسەریان کردووە لەوەی کە دەڵێن ماددەی سەرەتانی تێدایە و خەڵک تووشی شێرپەنجە دەکات، ئێمە پێمان وایە ئەمانە هەمووی بابەتی گرنگن و پەیوەندییان بە ژیانی خەڵکەوە هەیە".
لەبارەی بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمان و خواستی پەرلەمانتاران بۆ داواکردنی تایبەتکردنی دانیشتنەکان پەیوەست بە دابینکردنی مووچە، د.رێواز فایەق رایگەیاند "ئەوەی پەیوەندی بە مووچە و لێبڕینی مووچەوە هەیە هەستەکەم بووە بە بابەتی موزایەدە ئەگینا خەڵکی هەرێمی کوردستان باش دەزانێت کە مووچە لە پەرلەمانی کوردستان نییە، باشیش دەزانن کە ئەرکی دابینکردنی مووچە ئەرکی پەرلەمانی کوردستان نییە، هەموومان لەنێو دۆخی سیاسی و ئابووری ناجۆرین، هێنانی ئەم شەڕە بۆناو پەرلەمان لەلایەن پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن و تەنانەت هەندێک لە ئەندامانی فراکسیۆنەکان کە خۆیان لە حکوومەت ئامادەییان هەیە شەڕ فرۆشتنێکە بۆ سۆشیال میدیایە، بەراورد بە ساڵ و نیوێک پیش ئێستا خەڵک زۆر هۆشیارترە لەوەی کە تێنەگات مووچە و پارە و ئابووری لەکوێیە و کێ رۆڵی هەیە داڕشتنی ئابووریدا و ئەو بابەتە لە پەرلەمانی کوردستان نییە، رەنگە هەندێ کاتی تریشی بوێت کە خەڵک باشتر تێبگات کە پەرلەمانتار هەیە بەدرێژایی ئەم دووساڵ و نیوە یەک وەرەقە و یەک پرۆژەشی پێشکەش نەکردووە وەک پرۆژە یان بیرۆکە یان یاداشت، تەنیا دوو بۆ سێ دەقەی سەرەتا قسە دەکات و دەڕواتە دەرەوە، من رێزیان لێدەگرم و ئەرکی سەرۆکی پەرلەمانە ئیدارەی دانیشتنەکان بکات بەڵام بە هاوسەنگی لەنێوان هەموو ئەو پەرلەمانتارانەی لەوێ ئامادەییان هەیە، بەرێزگرتن لە پرەنسیپەکانی کاری پەرلەمانیی و پەیڕەوی ناوخۆیی پەرلەمان".
دەربارەی قسەی پەرلەمانتارەکەی یەکێتیش کە لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆ کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە حکومەتێکی مێینە ناساند، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان د.رێواز فایەق رایگەیاند "ئەوەی کاک هاوڕێ وتی هەڵەی کرد، هەڵەی کرد بەرامبەر ژن و ئافرەتان بە گشتی و ئەوانەی لەو هۆڵە دانیشتبوون بە منیشەوە، بابەتەکە شتێکی کەسییە و پەیوەندی بە خۆیەوە هەیە، بەڵام من دەزانم ئەوە نە روانگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە نە روانگەی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە نە جەنابی مام جەلال ئێمەی ئاوا پەروەردە کردووە و نە روانگەی فراکسیۆنەکەشە، شتێکی تایبەتی خۆیەتی رەنگە بتوانێت روونکردنەوە بدات، ئەوەی لەدەسەڵاتی ئێمەدابوو ئەوەبوو کە قسەکانیمان لە پرۆتۆکۆڵ سڕییەوە و پەیڕەو ئەوەندە دەسەڵاتی بە ئێمە داوە، ئەوەی دیکەی کە پەیوەندی بە رێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانان و ئەندامانی پەرلەمان هەیە بەڵێ هەڵەی کردووە و دەبێت داوای لێبووردن بکات".
دەربارەی ئەوەی لەو کاتەی لەلایەن پەرلەمانتارانی پارتی هێرش کرایە سەر کازم فاروق بۆچی ئەو رێکارانەی ئێستا نەگیرایە بەر بەڵام بۆ ئەمڕۆ رێکارەکان توندتر بوون، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند "هەندێ بابەت بەچاوی خۆت دەیبینیت بەڵام هەندێ بابەتیش دەبێت لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر دروست بکرێت، ئەوەی دیکەیان شەڕ بووە شەڕیش دەبێت لێیبکۆڵرێتەوە بزانیت خەتای کێیە، لەو کەیسەشدا د.کازم داوای هیچ جۆرە لێپێچینەوەیەکی نەکرد یەکسەر دوای لێدانەکە رۆشت و ئێمە نەمان بینیەوە بەڵام ئەم بابەتەی دیکەیان خاوەنی هەبوو خەڵکێک هەبوو داوای کرد، جیاوازیەکە ئەوەیە دکتۆر کازم کردەکە دەکات و دەڕوات نامێنێتەوە، ئەمڕۆ کە پێڵاوەکەی هەڵدا ١٠ سانیە نەمایەوە ئەو رۆژەی دیکەش کە شەڕی کرد برادەرەکانی بەجێهێشت بۆئەوەی لێیان بدرێت و خۆی نەمایەوە".