ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە هاووڵاتیەكی عێراقی بە ناوی كەریم شوەیع عۆدە خۆی بۆ شوێنگرتنەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەست لەكار كێشاوەی عێراق كاندید كرد.
عۆدە لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێ تەنها شەش مانگم پێبدەن، بە بێ مووچە دەبمە سەرۆك وەزیران، گۆڕەپانی تەحریر دەكەمە شوێنی لەسێدارەدانی گەندەڵكارە گەورەكان، تاریكی دەگۆڕم بە ڕووناكی، شتی غەریب و عەجیبتان پێشان دەدەم.
ئەمەش لە كاتێكدایە كە له دانیشتنی ئه‌مڕۆ یەكشەممەی پەرلەمانی عێراقدا، نامه‌ی ده‌ست له كاركێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی له پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران په‌سه‌ند كرا. محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی پەرلەمانی عێراق نامه‌كه‌ی له دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مان خوێنده‌وه و راشیگه‌یاند داوا له سهركۆمار ده‌كات له ماوه‌ی 30 رۆژدا سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ رابسپێرێت.
عادل عەبدولمەهدی به‌هۆی بەردەوامیی خۆپیشاندانه‌كانەوە، رۆژی 29/11/2019 نامه‌ی ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ی خۆی ئاماده كرد، ئەمەش دوای ئەوەی لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا نزیكەی 420 كەس لە ناو خۆپێشاندانەكاندا كوژران و زیاتر لە 19 هەزاریش بریندار بوون.