ئاسایشی سلێمانی سه‌باره‌ت به‌ دەستگیرکردنی هاوڕەگەزخوازه‌كان ڕوونكرنه‌وه‌یه‌ك دەدات

دوایین نوێکردنەوە 2021-04-02 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، هەڵمەتەکەى شەوی ڕابردوویان لە گەڕەکی سەرچنار بۆ نەهێشتنی دیاردەى لەشفرۆشی لەسەر داوای خەڵکی ئەو گەڕەکە بووە و مەبەستیان "هیچ توێژ و چینێکی تر نەبووە."

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا (2ی نیسانی 2021) ئاشکرای کردووە، "شەوی ڕابردوو هێزەکانمان هەڵمەتێکیان دەستپێکرد بۆ نەهێشتنی دیاردەی لەشفرۆشی لە یەکێک لە ناوچەکانی سلێمانی لەسەر داوای زۆرێک لە هاوڵاتیانی ئەو گەڕەکەى کە دیاردەى تێدا زۆر بوو بوو، هەروەها بوو بووە هۆی بێزارکردنیان."

دەشڵێت، "بۆیە ئێمەش وەک پیشە و ئەرکی هەمیشەییمان و لەپێناو سەقامگیری و چوون بەدەم داواکاری هاوڵاتیان، هێزەکانمان هەڵمەتێکیان ئەنجام دا تەنها بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە و مەبەست و ئامانجمان هیچ توێژ و چینێکی تر نەبووە."