دیجیتاڵ میدیاى سپێده
ئەمڕۆ دووشەممە، دامەزراوەی کۆکار بۆ ساڵی دووەم چاندنی ١٠ ھەزار نەمام لەناو گەڕەک و باخچەی ماڵانی شاری کەرکووک دەستپێکرد.
ھەڵمەتەکە بۆ سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و نەمامەکان لەسەرجەم گەڕەک و باخچەی ماڵەکان بەبێ جیاوازی دەچێنرێن.
چاندنی ١٠ ھەزار نەمام بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی سەوزایی و نزمکردنەوەی پلەکامی گەرمایە و رێژەی سەوزایی لە شاری کەرکووک دوو لەسەدە و بەراورد بەستانداردی جیھانی زۆر کەمە کە ٢٥ لەسەدا.
لەبارەی ھەڵمەتی چاندنی ١٠ ھەزار نەمام سەرۆکی دەستەی گشتی دامەزراوەی کۆکار، ھاوڕێ ھاشم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە وەک دامەزراوەی کۆکار کە دامەزراوەیەکی سەربەخۆین کار بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی سەوزایی دەکەین لە شاری کەرکووک و بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری ژینگەیی و کەمکردنەوەی پلەکانی گەرما لە شارەکە ئەویش بەھۆی بوونی کۆمپانیا و کارگەی نەوتی لە شارەکە و ئەویش ھۆکارێکە بۆ پیسبوونی ژینگەی شارەکە و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما".
ھاوڕێ ھاشم گوتیشی: "رێژەی سەوزایی لە کەرکووک دوو لەسەدایە و بەراورد بە ستانداردی جیھانی رێژەکە زۆر کەمە و ژمارەیەکی کەمی دار ودرەخت لە شارەکەدا چێندراون، بۆیە ئێمە وەک دامەزراوەکەمان بەگرووپی سەربەخۆ و خۆبەخش و لە دووەم ساڵدا ھەڵمەتی چاندنی ١٠ ھەزار نمام رادەگەیەنین و لەڕێی گرووپە خۆبەشخەکانمانەوە لە سەرجەم گەڕەکەکانی شاری کەرکووک نەمامەکان دەچێنین و لەماوەی رابردوودا و لەساتی خراپی دۆخی تەندروستی و قەدەغەی ھاتوچۆدا خۆبەخشانمان پلانی ناونووسین و میکانیزمی دابەشکردن و چاندنی نەمامەکانمان داڕشت و ئەمڕۆ دەست بەدابەشکردن و چاندنی دەکەین و ھەڵمەتەکە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت".