سلێمانی.. پێنج سەرپێچیکاری ژینگە دەستگیرکران

دوا نوێکردنەوە: 2019-12-12 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردنی پێنج سەرپێچیکاری ژینگە لە سنووری پارێزگاکە ڕادەگەیەنێت.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە وێنەیەکی بۆ(باسنیوز) نێردراوە هاتووە "لە هەردوو بنکەى ئاغجەلەر و تەکیە تواندرا پێنج ڕاوچى دەستگیر بکەن و دەست بگرن بەسەر چەند کەل و پەل و پێداویستییەکدا".

 

ئاماژە بە ئەوەش دراوە "لەو چوارچێوەیەدا لە ئەنجامى دوو دەرچوونى مەفرەزەى هەردوو بنکەى پۆلیسى دارستان و ژینگەى تەکیە و ئاغجەلەری سەر بە بەشى چەمچەماڵ بۆ سنوورى گوندەکانى (کوزە بۆرەکان/ داڵاوى سەروو) توانیان پێنج ڕاوچى دەستگیر بکەن کە سەرقاڵى ڕاوکردنى باڵندەیى کێوى بوون هاوکات تواندرا دەست بگیرێت بەسەر چوار باڵندەی کێوى لە جۆرى سوێسکە و چەند کەلوپەلێکی ڕاوکردن".

 

جەختیشیکراوەتەوە کە پەڕاوی لێکۆڵینەوە کراوەتەوە و ڕادەستی دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی.