KDP دوازانیاری له‌سه‌ر پێداگریی كوردستان له‌ هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی حكوومه‌تی عێراق بڵاو ده‌كاته‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-15 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر  -KDP.info-له ‌به‌غداوه‌ هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق پێک بهێنرێت، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش پێیان وایه‌ ناكرێت به‌بێ ڕه‌چاوكردنی پێكهاته‌كانی عێراق و له‌به‌ر چینێكی سیاسیی دیاریكراو سه‌نگ و قورساییی هێزه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌به‌رچاو نه‌گیرێت و حكوومه‌تێكی دروستكراو بێته‌ ئاراوه‌ و نه‌زانرێت كه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی چۆنه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی و ئه‌یاد عه‌لاویدا هاتووه‌: ئەمڕۆ شەممە ١٥ی ٢ی٢٠٢٠ لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعوود بارزانی، پێشوازیی لە دكتۆر ئەیاد عەلاوی و شاندێکی یاوەری کرد. لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی باس لە پێشهاتەکانی ڕەوشی عێراق و ناوچەکە و بابەتی پێکهێنانی حکوومەتی ئینتیقالیی داهاتووی عێراق کرا و هەردوولا لەسەر ئه‌وه‌ ڕێک کەوتن كه‌ عێراق وڵاتی فرەیی و پێکهاتەکانە و هیچ لایەنێکی سیاسی ناتوانێ لەبارەی بڕیارە چارەنووسسازەکانی دەوڵەت و داهاتووەکەیەوە تاکڕەوی بکات، چونکە ئەوە دەبێتە هەڕەشە لەسەر یەکپارچەییی وڵات و ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێویستە پێکهاتەی حکوومەتی داهاتوو نوێنەرایەتیی هەمووان بکات و هەموو پێکهاتەکانی عێراق بەشداریی تێدا بکەن تا یەکانگیریی نیشتمانی و خواستە ئاشتیخوازانەکانی خۆپێشاندەران و بزاڤی جەماوەری بگرێتە خۆی.

هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی عێراق به‌رده‌وامه‌، به ‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی هیچ كوتله‌یه‌كی عێراقی به‌تایبه‌ت سائیرن و فه‌تح، كه‌ زۆرینه‌ن له‌ په‌رله‌مانی عێراق ڕایاننه‌گه‌یاندووه‌ كه‌ كه‌ی كابینه‌ی نوێ پێک دەهێنرێت, به‌ڵام میدیاكانی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ته‌شكیله‌ی كابنیه‌ی نوێ له‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌درێت، شێوه‌ یاساییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی، کە ڕاسپێردراوه‌ به‌ پێكهێنانی حكوومه‌ت، دوای ئه‌وه‌ی گفتوگۆی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ته‌واو ده‌كات، به ڕاوێژ وه‌زیره‌كان و هه‌یكه‌لیه‌تی كابینه‌نه‌كه‌ی ده‌خاته ‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی عێراق تا ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا ده‌بێت كه‌ پێشوه‌خته‌ ڕێككه‌وتنی سیاسی كرابێت له ‌نێوان لایه‌نه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت. محه‌مه‌د خالیدی, سه‌رۆكی فراكسیۆنی بیارق ئەلخەیری، له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به‌ میدیا عێراقییه‌كانی ڕاگه‌یاندووه‌، ئاماده‌كاری بۆ پێكهێنانی كابنیه‌ی نوێ ته‌واو بووه‌ و له‌م هه‌فته‌یه‌دا ده‌نگدان له‌سه‌ری ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش دوای پرس و ڕاوێژ بووه‌ به‌ كوتله‌كانی عێراق.

هه‌رچه‌نده‌ كابینه‌ی ئێستای عێراق به‌ به‌شداریی شیعه‌ و سوننه‌ و كورده‌ و وه‌زیره‌كان به‌پێی به‌ركه‌وته‌ی كورسیی په‌رله‌مان دانراون، به‌ڵام هه‌رسێ پێكهاتەکە‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ کە ده‌بێ هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له‌ كابنیه‌ی نوێدا به‌ له‌به‌رچاوگرتنی پێكهاته‌كان بێت. عارف ڕوشدی، ڕاوێژكاری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی بۆ ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "جارێ ته‌شكیلكردنی كابنیه‌ی نوێ هه‌ر قسه‌یه،‌ ئێستاش ڕێككه‌وتن نه‌كراوه‌ له ‌نێوان خۆیان كه‌ چۆن كابینه پێك ده‌هێنرێت و چۆن ده‌هێنرێته‌ په‌رله‌مان و ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌درێت، ئه‌مه‌ یه‌كلا نه‌بووه‌ته‌وه‌".

گوتیشی: "لادانی وه‌زیره‌كانی كورد، یان مانه‌وه‌یان، پێویستی به‌ دانوساندن و ڕێككه‌وتن هه‌یه‌ و ئیستحقاقی ده‌ستووری چییه‌ و ئه‌و حكوومه‌ته‌ی دێت ده‌بێ پابه‌ند بێت به‌و ڕێككه‌وتن و لێکگه‌یشتنانه‌ی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی كردوومانه‌".

تا دێت ئاستی خۆپێشاندان زیاتر ده‌بێت، داواكاریشان زیاتر بووه‌، چوار داواكاریی سه‌ره‌كیی خۆپێشانده‌ان وای كردووه‌ محمه‌د تۆفیق عه‌لاوی، گۆڕانكاری له‌ كابینه‌ی حكوومه‌ت بكات، ئه‌ویش ئه‌مانه‌ن، یه‌كه‌م: دانانی وه‌زیری بێلایه‌ن، دووه‌م، پێكهێنانی حكوومه‌ت له‌ كاتی خۆی، سێیه‌م، چاكسازی، چواره‌م، هه‌وڵدان بۆ گۆڕانكاریی ڕیشه‌یی له‌ دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت و په‌رله‌مان. د. شه‌فیق قه‌زاز، وه‌زیری مافی مرۆڤی پێشووی عێراق و چاودێری سیاسی، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "هه‌ركه‌سێك ببێته‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ده‌بێ داواكاریی خۆپێشانده‌ران جێبه‌جێ بكات و ئێستاش داواكاریی خۆپێشاندان زیاتر بووه‌، چونكه‌ چێژیان له ‌سه‌ركه‌وتن وه‌رگرتووه،‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ نه‌توانرێت كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق سه‌ركه‌وتوو بێت، جیا له‌وه‌ش، ده‌بێ له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ی سوننه‌ و كورد قسه‌ بكرێت، چونكه‌ ئه‌وان ڕۆڵی به‌هێز و كاریگه‌ریان له‌ عێراقدا هه‌یه‌".

ئه‌وەیشی خسته‌ ڕوو: ئه‌گه‌ر عێراق په‌له‌ نه‌كات له‌وه‌ی له‌م قه‌یرانه‌ ڕزگاری ببێت، ناتوانێت جارێكی دیكه‌ به‌م یه‌كگرتووییه‌وه‌ هه‌نگاو بنێت، یان ڕێگاچارەی ده‌بێته‌ سێ هه‌رێم، یان دۆخی ناوخۆی به‌ره‌و شه‌ڕی ناوخۆ دەچێت."

كورد داوا ده‌كات كه‌ له‌ كابینه‌ی نوێی عێراقدا مافه‌كانی له‌به‌رچاو بگیرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كوردستان هۆشداری ده‌دات ڕه‌نگه‌ چۆن له ‌په‌رله‌مانی عێراق به‌بێ پرسكردن به‌ كورد و سوننه‌، به‌ زۆرینه‌ بڕیار درا سوپای هاوپه‌یمانان بچێته‌ ده‌ره‌وه، ئاواش ڕه‌نگه‌بۆ ئه‌م پرسه‌ دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر بكات. دیار ته‌ییب، په‌رله‌مانتاری پارتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "شاندی كوردستان له‌ به‌غدا گفتوگۆ ده‌كه‌ن، ناكرێت پشكی كورد له‌ به‌غداوه‌ ته‌حه‌كومی له‌سه‌ر بكرێت، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ به‌ركه‌وته‌ی كورده،‌ خاڵی دواتر تا ئێستا هیچ ڕێككه‌وتنێك نه‌كراوه‌، ئیتر چۆن ده‌توانرێت كابنیه‌ پێك بهێنرێت؟'

رایشیگه‌یاند: "له‌ په‌رله‌مان هیچ كابینه‌یه‌ك ده‌نگ ناهێنێت، ئه‌گه‌ر پێشوه‌خته‌ ڕێككه‌وتنی سیاسی نه‌كرێت."

کارزان هەورامی