سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا دەکات

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-15 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

میونشن-KDP.info-   رۆژی شەممە ٢٠٢٠/٢/١٥ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە مارک رووتە سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا بارۆدۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا. سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا رایگەیاند کە پەیوەندییەکی بەهێزمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و بەردەوامیش دەبین لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر. گوتیشی هانی کۆمپانیاکانی هۆڵەندا دەدەین بۆ پەرەپێدانی وەبەرهینانی هۆڵەندی لە هەرێمی کوردستان.

سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا ستایشی بەرنامەی چاکسازیی کارگێڕی و دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و ئامادەیی خۆیشی بۆ هاوکاریکردنی دەربڕی.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی پشتیوانیی هۆڵەندای کرد و تیشکی خستە سەر بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەمەچەشنکردنی ئابووری و گرنگیدانی زیاتر بە پرۆسەی وەبەرهێنان.

15 شوبات 2020