دیجیتاڵ میدیاى سپێده
بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی گشتی تەندروستیی کەرکووک، ١٠ تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تەمەنیان خوار ١٥ ساڵانە و نۆ حاڵەتیش تۆمارکراون کە بۆ دوومجار تووشی ئەو ڤایرۆسە بوونەتەوە.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری بەشی پشکنین لەفەرمانگەی گشتیی تەندروستیی کەرکووک دکتۆر عەلی عەدنان بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵو گوتی: " لەپاش رێکارە نوێیەکەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بۆ رێگریکردن لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو، رێنمایی نوێ و رێکارە تەندروستییەکان و خۆپارێزییەکان توندوتۆڵکراون و ئێمەش وەکو فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک بەھاوبەشی لەگەڵ پۆلیسی ھاتوچۆ و پۆلیسی کەرکووک لەبەشێکی زۆری گەڕەکەکانی شار مەفرەزەی ھاوبەشمان داناوە و بەدواداچوون دەکەین".
عەلی عەدنان گوتیشی : " سەردانی نەخۆخشانە ئەھلییەکان و کلینکە تایبەتەکانمان کردووە و ئەو کارمەندانەیشی لەو شوێنانە کار دەکەن دەبێت فایزەری چارەسەری کۆرۆنایان بەکارھێنابێت چونکە ئەو کارمەندانە بەرکەوتنی بەردەوامیان لەگەڵ ھاوڵاتیان و نەخۆشدا ھەیە".
بەرێوبەری بەشی پشکنین هەرلەمبارەیەوە گوتیشی: " رێکارە تەندروستییەکان لەکەرکووک توندتر کراون و سزای ئەو کەسانەیش دەدرێ کە بەبێ ھیچ بیانوێک لەکاتی قەدەغەی ھاتوچۆدا دەچنە دەرەوە و تەنھا ئەمڕۆ ١٣ کەس سزای ٢٥ ھەزار دیناریان بەسەردا سەپێنراوە کە ھاتونەتە دەرەوە".
بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک لە٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٧٢٥ پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەرکەوتووە کە ٢١٣ کەس تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنان و کەسێکیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گیانی لەدەستداوە .
ھەر بەپێی پشکنینەکانی فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک ١٠ کەس لەو تووشبووانە تەمەنیان خوار ١٥ ساڵانە و نۆ حاڵەتیش تۆمارکراون کە بۆ دوومجار تووشی کۆرۆنا بوونە .
ھەر بەپێی ئامارەکانی تەندروستیی کەرکووک لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاکو ئێستا ٣٩ ھەزار و ٤٥٩ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنابوون، لەو ژمارەیەش ٣٦ ھەزار و ٥٦١ کەس چاکبوونەتەوە و ٨٦٣ کەسیش گیانیان لەدەستداوە .