دیجیتال میدیای سپێده
ڕامسى کلارک، کەسایەتی یاسایى و سیاسیی ناسراو و وەزیری پێشووتری دادی ئەمریکا کە پارێزەرى بۆ سەدام حوسێن و چەندین دیکتاتۆرى ترى جیهان کرد لە تەمەنیى 93 ساڵیدا کۆچى دواییکرد.
دەزگا و کتێبخانەى لیندۆن جۆنسۆن کە کلارک تێیدا کارى کردووە لە تویتێکدا مەرگى ناوبراوی ڕاگەیاندووە کە لە ساڵانى 1967 بۆ 1969 وەزیری دادی ئەمریکا بووە.
هاوکات ڕۆژنامەى نیویۆرک تایمزى ئەمەریکى بڵاوى کردووەتەوە، دوینێ ڕامسى کلارک لە ماڵەکەى خۆێدا لەشارى مانهاتنى ویلایەتى نیویۆرک کۆچى دواییکردووە.
لەبارەى مردنی کلارک، میگیل دیاز کانێڵ، سەرۆکى کۆبا ڕایگەیاندووە ، پیاوێکى ڕاستگۆ بوو و پاڵپشتى کردوون و شانبەشانیان لەشەڕى یەکلاکەرەوەدا لەگەڵیاندا وەستاوە و ئیدانەى ئەو ستەمە گەورانەى کردووە کە وڵاتەکەى لە سەرجەم جیهاندا ئەنجامیداوە.
ئاژانسەکە باسى لەوەش کردووە، پێشتر کلارک وەکو وەزیرى دادى ئەمەریکا سەرپەرشتى بەرەوپێشبردنى چەند یاسایەکى کردووە لەوانە یاسایى نیشتەجێکردنى دادپەروەرانە کە زنجیرە یاسایەک بوو لەدژى جیاوازییەکانى نیشتەجێکردن و دامەزراندان و هەروەها بەرهەڵستکارى سزاى لەسێدارەدان بوو.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، کلارک یەکێک بوو لەڕەخنە گرە سەرسەختەکانى دەستوەردانى سەربازى ئەمەریکا لەوڵاتانى دەرەوە بەتایبەتى شەڕى ڤێتنام و عێراق و هەروەها ڕابەرایەتى چەندین چالاکى کردووە بۆ پاڵپشتیکردنى چەند پرسێک کە مشتومڕى لەسەر بووە لەوانە چووەتە لیژنەى بەرگرىکردن لەژمارەیەک کەسایەتى دیکتاتۆرەوە وەکو سەدام حوسێن وعومەر عەبدولڕەحمانى کەسایەتى ئیسلامى لە میسڕ.
بەپێى ئەو ئاژانسە فەڕەنسیە، پێشتر کلارک ڕاوێژکارى یاسایى سلۆبۆدان میلۆسۆڤیتش سەرۆکى پێشووترى سڕبیا بووە.