حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ژماره‌یه‌ك بڕیارى ده‌ركرد

دوایین نوێکردنەوە 2021-04-11 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، پرۆسەی خوێندنی ناو پۆل لە هەردو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا رادەگیرێت و تەنها خوێندن بەشێوەی ئۆنلاین بەردەوام دەبێت.

جوتیار عادل له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا وتیشى، لە رۆژی پێنجشەممەوە دەوامی فەرمانبەران ئاسایی دەکرێتەوە و داوا لەسەرجەم شوێنە گشتییەکانیش دەکەن پابەندی رێنماییەکان بن، بەپێچەوانەوە شوێنەکانیان دادەخرێن.

ئه‌وه‌شى وت: دوای گفتوگۆ و تاوتوێكردنی راپۆرتی وه‌زیرانی ته‌ندرووستی و په‌روه‌رده‌ كۆمه‌ڵێك بڕیار دران.

ده‌قی بڕیاره‌كان:

یه‌كه‌م: فه‌رمان به‌ پارێزگا و به‌رپرسه‌ ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان كراوه‌ رێكار دژی نه‌به‌ستنی ماسك بگرنه‌ به‌ر.

دووه‌م: مه‌راسیمه‌ ئاینییه‌كانی مانگی ره‌مه‌زان سنووردار ده‌كرێن.

سێیه‌م: خوێندن له‌ سه‌رجه‌م قوتابخانه‌ و په‌یمانگه‌كانی سه‌ر به‌ په‌روه‌رده‌ به‌ حكومی و ئه‌هلییه‌وه‌ راده‌گیرێت و ته‌نیا به‌ رێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی به‌رده‌وام ده‌بێت.

چواره‌م: سنووره‌كانی هه‌رێم به‌ رووی شاره‌كانی عێراق وه‌ك پێشتر ده‌بێت.

پێنجه‌م: خوێندنی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا وه‌ك خوێندنی پێشوو به‌ سیستمی ئاوێته‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و پراكتیك له‌ هۆڵی خوێندن ده‌بێت.

شه‌شه‌م: شوێنه‌ گشتییه‌كان سنووردار ده‌كرێن و هه‌ر شوێنێك پابه‌ند نه‌بێت داده‌خرێت و خاوه‌نی سزا ده‌درێت.

حه‌وته‌م: فه‌رمان به‌ پارێزگا و به‌رپرسی یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان كراوه‌ رێگه‌ به‌ هیچ گردبوونه‌وه‌یه‌كی خه‌ڵك نه‌ده‌ن و پرسه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌ و رێكار له‌ دژیان وه‌ربگرن.

هه‌شته‌م: ئاساییكردنه‌وه‌ی ده‌وامی فه‌رمی و پێنجشه‌ممه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ده‌وامه‌.

نۆیه‌م: ئه‌م بڕیارانه‌ له‌ 12ی 4ی 2021ه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێن.