میونشن-KDP.info- ئەمڕۆ شەممە 2020/2/15 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری میونشن پێشوازی لە جان ئیڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق تاوتوێ کرا.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ئاماژەی بە گرنگیی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامیی فەرنسای کرد لە هەرێمی کوردستان و هەڵوێستی دۆستانەی بەرامبەر گەلی کورد. لە بارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقیش ، جەختی کردەوە کە پێویستە رێز لە قەوارە و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگیرێت و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان ، نوێنەرەکانی هەرێم لە حکومەتی نوێی عێراق دەستنیشان بکەن .