دیجیتال میدیای سپێده
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئامادەکاریی دەکەن بۆ ئەنجامدانی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان خاوەنی کۆمپانیاکانی وشکردنەوەی گەنمەشامی و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، تاوەکو بەرھەمی گەنمەشامی راستەوخۆ لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەربگرنەوە.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بێگەرد تاڵەبانی بە ئامادەبوونی ستافێکی وەزارەت سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ خاوەنی کۆمپانیاکانی وشكکردنەوەی گەنمەشامی کرد.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئامانجی کۆبوونەوە بە بازاڕکردن و ساغکردنەوەی بەرھەمی گەنمەشامی جووتیاران بووە و دوای گفتوگۆ و گەڵاڵەکردنی چەندین سەرنج و راسپاردە و پێشنیازی ئامادەبووان، بڕیاردراوه کە لە ئێستاوە ئامادەکاریی بکرێت بۆ ئەنجامدانی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان خاوەنی کارگەکان و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، تاوەکو بەرھەمی گەنمەشامی راستەوخۆ لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەربگرنەوە.
بۆ ئەم مەبەستە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ئامادەیی تەواوی بۆ پاڵپشتی ئەنجامدانی لێکتێگەیشتنەکە نیشانداوە، ھەروەھا لەم کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی ئەوە کراوە کە باشترین جۆری بنەتۆی گەنمەشامی بگەیەندرێتە دەستی جووتیاران بۆ ئەوەی کە بەرھەمی ھاوردەی گەنمەشامی بۆ بازاڕەکان و کارگەکانی خۆماڵی کەمبکرێتەوە، بەئامانجی گەیشتن بە خودبژێوی لە بەرھەمھێنانی گەنمەشامیدا.