بەبۆنەی مانگی پیرۆزی رەمەزانه‌وه‌، سەرۆکی حکومەتی ھەرێم په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2021-04-12 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا کە بەبۆنەی هاتنەوەی مانگی پیرۆزی رەمەزان بڵاویکردەوە، وێڕای پیرۆزبایی لە موسڵمانان، هاوکات داوای کردووە کە هەموولایەک پابەندبن بە رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێنماییە تەندروستییەکان.

لە پەیامەکەی مەسرور بارزانی-دا هاتووە: "بە بۆنەی ھاتنی مانگی پیرۆزی رەمەزان، گەرمترین پیرۆزبایی لە موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیھان دەکەم . خوای مەزن و دلۆڤان، نوێژ و رۆژوو و نزاکانمان لێ قبوڵ بکات و ھاتنی مانگی رەمەزان، ببێتە مایەی خێر و خۆشی و ئارامیی زیاتر بۆ خەڵکی کوردستان".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: "ئەم بۆنە پیرۆزە بە دەرفەت دەزانم، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە داوا لە کوردستانییان بکەم کە پابەند بن بە رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان، کە باشترین رێگەیە بۆ خۆپاراستن لە پەتای کۆرۆنا".

مەسرور بارزانی سوپاسی مامۆستایانی ئایینی هەرێمی کوردستانی کردووە کە لە ھوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی، ھاوکارن و رۆڵێکی گرنگییان ھەیە.

جێی ئاماژەیە، بەپێی بڕیاری لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، رۆژی سێشەممە یەکەم رۆژی مانگی پیرۆزی رەمەزان دەبێت.