سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سەردانى ئیمارات دەکه‌ن

دوایین نوێکردنەوە 2019-12-01 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

ئیمارات-KDP.info- هه‌ریه‌ك له‌ نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و مه‌سروور بارزانى، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لەسەر داواى فەرمیى شێخ محەمەد بن زاید ئال نهەیان جێنشینى ئەبوزەبى، بۆ به‌شداریكردن له‌ رێوڕه‌سمى پێشبڕكێى خه‌ڵاتى ئیمارات فۆرمۆلا یه‌ك، پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە 1/12/2019 بە سەردانێکى یەک ڕۆژە گەیشتنە ئه‌بوزه‌بى.

له‌و سه‌ردانه‌دا، شاندی باڵای ھەرێمی کوردستان چاوى كه‌وت به‌ هه‌ر یه‌ك له‌ شێخ محەمەد بن زاید ئالنهیان جێنشینى ئەبوزەبى، جێگرى فەرماندەى باڵاى هێزە چەکدارەکانى ئیمارات و سەرۆکى ئەنجوومەنى راپەڕاندنى ئیمارەتى ئەبوزەبى، شێخ محه‌مه‌د بن راشد ئال مەکتووم، جێگرى سه‌رۆكى ئیمارات و سه‌رۆك وه‌زیران و  وه‌زیرى به‌رگرى و فه‌رمانڕه‌واى دوبه‌ى، میر محه‌مه‌د بن سه‌لمان،جێنشینى عه‌ره‌بستانى سعوودیه‌، ئا‌رمین سه‌ركیسیان سه‌رۆكى ئه‌رمه‌نستان، رۆستەم مینیخانۆڤ سه‌رۆكى ته‌ته‌رستان و ژماره‌یه‌ك له‌ شا و سه‌رۆك و سه‌ركرده‌‌ و وه‌زیرانى وڵاتانی میوانی رێوڕه‌سمه‌كه‌.