هەولێر-KDP.info- ڕۆژی یەكشەممە 16ـی 2ـی 2020 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی كۆنگرێسی ئەمەریكی كرد كە پێكهاتبوو لە سێناتۆر جێمس ئێنهۆف ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا و بەرپرسی لیژنەی هێزە چەكدارەكانی ئەمەریكا و سەرۆكی شاندەكە و سێناتۆر جۆن بووزمەن و سێناتۆر ماریۆن مایكڵ ڕۆندز و سێناتۆر كێڤین كرامێر ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران و ترێنت كێڵی و تیمۆسی واڵبێڕگ ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا.
لەم دیدارەدا كە ماسیو تیولەر باڵیۆزی ئەمەریكا لە ئامادەی بوو، بارودۆخی سیاسیی و دواپێشهاتەكانی عێراق و ناوچەكە تاتوێ كرا و شاندی میوان ئامانجی سەردانەكەیان بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان خستەڕوو و جەختیان لە دۆستایەتیی و پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان گەلی ئەمەریكا و گەلی كوردستان كردەوە.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەت و سوپای ئەمەریكای كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا پشتیوانی گەلی كوردستان بوونە و پێزانینی هەبوو بۆ دۆستایەتیی نێوان هەردوو گەلی كوردستان و گەلی ئەمەریكا و ڕایگەیاند شەڕی دژی تیرۆر لووتكەی هاوكاریی و دۆستایەتیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا بوو.
لە بەشێكی تری ئەو دانیشتنەدا بیروڕا لەبارەی ڕێگەكانی گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ عێراق و هەڕەشەكانی تیرۆر لەسەر ئاساییشی جیهانی ئاڵوگۆڕ كرا.