د. عه‌لی به‌لۆ: كۆمپانیا جیهانییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی فراوان كاری به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌ هه‌رێم ده‌كه‌ن

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-16 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هه‌ولێر-KDP.info- ڕاوێژكاری پێشووی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی، به‌هۆی پێدانی حه‌قده‌ستی كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستان، ‌ئێستا كۆمپانیا جیهانییه‌كان كاری خۆیان زۆر فراوان كردووه‌ و ڕۆژ به ڕۆژ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی هه‌رێم له ‌زیادبووندایه،‌ به‌ جۆرێك کە‌ هاوشێوه‌ی وڵاتێكی پێشكه‌وتوو دێتە بەرچاو.

ڕاوێژكاری پێشووی وه‌زاره‌تی سامانه ‌سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، د. عه‌لی به‌لۆ، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هه‌ر ڕووداوێک له ‌عێراق ڕوو بدات، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان نابێت، چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌جیا گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی جیهان كردووه‌ و بۆڕیی نه‌وتی خۆی هه‌یه‌ و ناوچه‌یه‌كی ئارامه‌ و كۆمپانیاكان به‌ ئارامی و بێ كێشه‌ كاری خۆیان ده‌كه‌ن، بۆیه‌ هه‌رێمی كوردستان ناوچه‌یه‌كی ئارامه‌ بۆ كۆمپانیا بیانییه‌كان و به ‌ئازادی و به‌ ئارامی كاری خۆیان ده‌كه‌ن."

د. عه‌لی به‌لۆ گوتیشی: "چه‌ندین كۆمپانیای جیهانی له‌ هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كه‌ن، له‌وانه‌ له‌ ناوچه‌ی تاوكێ و كۆرمۆر و خورماڵ و شێخان و ته‌قته‌ق و ئه‌ترووش و له ‌چه‌ندین ناوچه‌ی دیكه‌ كاری خۆیان ده‌كه‌ن و به‌رده‌وامیشن و هیچ كات نه‌وه‌ستاون."

به‌لۆ باسی له‌وه‌ش كرد: "‌ئێستا كاركردن له‌ بواری نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان زۆر فراوان بووه‌، به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی دۆخی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان باشتر بووه‌ و حه‌قده‌ستی كۆمپانیاكان ده‌درێت، ئه‌وانیش زۆر به‌باشی كاره‌كانیان دەکەن، بۆیه‌ به‌رده‌وام به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌ زیادبووندایه‌."

به‌لۆ گوتیشی: "هه‌رێمی كوردستان هاوشێوه‌ی وڵاتێكی پێشكه‌وتوو نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنێت، كه‌ ڕۆژانه ‌500هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌كات و 150هه‌زاریش بۆ ناوخۆ به‌كار دینێت، وه‌كو وڵاتێكی پێشكه‌وتوو وایه‌ و هیچی له ‌وڵاتێكی پێشكه‌وتوو كه‌متر نییه‌."

بڵند ئیبراهیم