کازمی داوای لە پیاوانی ئاینی دەکات کە بە وتاری میانڕه‌و بەرەنگاری "مەزهەبگەرایی" ببنەوە

دوایین نوێکردنەوە 2021-04-18 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

مستەفا كازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئه‌مڕۆ شەممە داوای لە پیاوانی ئاینی کرد " وتەیەکی میانڕەو " بگرنە بەر بۆ بەرهەڵستی کردنی " تایفەگەری " لە وڵاتدا .

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ بەربانگی بۆ بەشێک لەزانایانی ئاینی لەسەرجەم پێکهاتە جیاوازەکان رێکخست و رایگەیاند، زانایانی ئاینی رۆڵێکی گرنگ دەبینن لەنیشاندانی رێگەی راست کەعێراق دوای ساڵانێکی زۆر لەجەنگ پێویستی پێیەتی، لەو چوارچێوەیەشدا پێویستییان بە وتارێکی ئاینیی میانڕەو هەیە کەقۆناغی مەزهەبی تێپەڕێنێت و هاوکاربێت لە دروستکردنی ئارامی وڵاتدا.

ئاماژەی بەوەشکردوە، کاری لەپێشینەیان گرنگیدانە بە گەنجان و نەوەی داهاتوی وڵات، ئەوەش ئەرکی هاوبەشی ئاینەکان، قوتابخانە و زانکۆ، پەیمانگاکان، دەوڵەت و دەزگاکانی راگەیاندنە بەگشتی، هەروەها دین بەشێکی سەرەکیی ناسنامەی عێراقیە و دەستور گەرەنتیکردوە کە نابێت هیچ یاسایەک دەربچێت کە پێچەوانەی بنەما نەگۆڕەکانی ئیسلام بێت.

سەرۆک وەزیران ئەوەشی خستوەتەڕو، عێراق رۆڵێکی مێژویی دەبینێت لە نزیکردنەوەی بوچونە جیاوازەکانی لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەکە و لەناوخۆی وڵاتیشدا هەموان پێکەوە کاردەکەن بۆ گەڕانەوەی شکۆی دەوڵەت و گرنگیدان بە خواست و داواکارییەکانی هاوڵاتیان.