مستەفا کازمی: بەغدا سەرکەوتوو بووە لە سەپاندنی رێکارە یاساییه‌كان بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی

دوایین نوێکردنەوە 2021-04-19 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌


سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند، بەغدا سەرکەوتوو بووە لە سەپاندنی رێکارە یاساییه‌كان و دیارییکردنی کات بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لە عێراق.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، مسته‌فا کازمی لە ئێوارەخوانێکی بەربانگکردنەوەدا میوانداریی ژمارەیەک فەرماندەی سەربازیی و ئەمنیی کردووە و گوتەیەکی پێشکەش کردووە.

کازمی لە گوتەکەیدا رایگەیاندووه‌: "لەرێگەی گفتوگۆی بنیاتنەر و راستەقینەوە و بەرپرسیار سەرکەوتوو بووین لە سەپاندنی رێکاریی یاسایی و دیارییکردنی کات بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، دوای ئەوەی هێزەکانی عێراق تەواو ئامادەن بۆ وەگرتنی بەرپرسیارییەتی ئەمنیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی داعش".

سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاندووه‌، تاوەکو ئێستا ئاڵنگاریی و پێداویستی هەیە و بە قۆناغ دەستەبەری دەکەن تاوەکو هێزەکانی عێراق بەتەواوەتی ئامادەبن بۆ وەگرتنی هەر بەرپرسیارییەتییەک.

کازمی گوتیشی: "لیژنەیەکی سەربازیی هونەریی تایبەتمەندمان پێکهێناوە بۆ دیارییکردنی پێداویستی هێزەکانی عێراق و رێکارەکانی وەرگرتنی ئەرکەکان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی".

لە حەوتی نیسان ٢٠٢١ بەغدا و واشنتۆن، رایانگەیاند رێکەوتوون لەسەر گۆڕینی ئەرک و رۆڵی هێزەکانی ئەمریکا و هاپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بۆ ئەرکی راوێژ و مەشق و راهێنان لەگەڵ کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکان بەپێی خشتەیەکی کاتی کە هەردوولا لە گفتوگۆ هونەرییه‌كانی لە داهاتوودا لەسەری رێکدەکەون.