وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند کە یاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢١ لە رۆژنامەی فەرمی وەقائیع بڵاوکرایەوە.
ھاوکات وەزارەتی دارایی، رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بوودجەی گشتیی ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی دەوڵەت کرد.
لە راگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی وەقائیعی عێراق، ھەیفا شوکر ئاماژەی بەوەداوە کە لە نوێترین ژمارەی رۆژنامەی وەقائیعی عێراق، یاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢١، بڵاوکراوەتەوە.
دوای ئەو بڵاوکردنەوەیەش راستەوخۆ، یاسای بوودجە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە و خەرجییەکان بە یاسایی ئەنجام دەدرێن.
پڕۆژە یاساکە دوای دەنگدان لەسەری لە ئەنجوومەنی نوێنەران و پەسەندکردنی لەلایەن سەرکۆماری عێراقەوە لە رۆژنامەی فەرمی وەقائیع بڵاوکرایەوە.
بەپێی زانیارییەکان، پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ بە ١١ تریلیۆن و ٤٨٢ ملیار دینار دیاریکراوە.