مەسرور بارزانی: حکومەتی فیدڕاڵی 10 مانگە هیچ بەشە مووچەیەکی نەناردووە

دوایین نوێکردنەوە 2021-04-20 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند: حکومەتی فیدڕاڵی 10 مانگە هیچ بەشە مووچەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە 2021/4/20 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ کونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا تاووتوێ کرا.

سەبارەت بە پەیوەندی لە گەڵ حکومەتی فیدرالی ، سەرۆکی حکومەت پابەندبوونی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی دووپاتکردەوە و داواشی کرد لە بەرامبەردا ، حکومەتی فیدراڵی پابەندبوونەکانی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان بۆ ناردنی شایستە داراییەکان جێبەجێ بکات کە دە مانگ دەبێت ، حکومەتی فیدراڵی، هیچ بەشە مووچەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە.

سەرۆکی حکومەت هیوای خواست پەسەندکردنی یاسای بودجە، ببێتە دەستپێکێکی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی تر بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور، بە تایبەتی جێبەجێکردنی ماددەی 140 و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە کاریگەرییەکی ئەرێنی لە سەر سەقامگیریی و ئاسایش و ئارامیی عێراق دەبێت.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەشدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ، هەموو ئاسانکارییەکی پێویست پێشکەشی وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆ دەکات بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە هەموو بوارەکاندا .