هەفتەی داهاتوو پێشانگایەكی نێودەوڵەتی لە هەولێر دەكرێتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-17 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- هەفتەی داهاتوو لە شاری هەولێر پێشانگایەكی نێودەوڵەتیی تایبەت بە كەلوپەلی بیناسازی دەكرێتەوە و پێشانگاكەش بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.

فەرەیدوون كاكل، ئەندازیاری كۆمپانیای (پیرامیدس) بۆ رێكخستنی پێشانگا نێودەوڵەتییەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، بە بەشداریی چەندین كۆمپانیای نێودەوڵەتی، لە شاری هەولێر پێشانگایەكی تایبەت بە كەلوپەلی بیناسازی دەكرێـتەوە و بۆ ماوەی چوار رۆژ پێشانگاكە بەردەوام دەبێت و تێیدا بابەتەكانی بیناسازی لە دەرگا و پەنجەرە و شیش و بلۆك و چیمەنتۆ بۆ كڕیاران و كۆمپانیاكانی كوردستان نمایش دەكرێن.

كاكل گوتیشی، لە پێشانگاكەدا زیاتر لە 100 كۆمپانیا بەشدار دەبن كە لە وڵاتانی توركیا و ئێران و سعوودیە، ئیتاڵیا، ئوردرن، هیندستان، لوبنان، سعوودیە، ئیسپانیا و عێراقی و كوردستانی دەبن.

لە بارەی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانیشەوە ئاماژەی دا، زۆرترین كۆمپانیای نێودەوڵەتی لە وڵاتەكانی توركیا و ئێرانەوە بەشدار دەبن.

 

هێدی كاكەیی