دیجیتاڵ میدیای سپێده
١٢٣ ساڵ لەمەوبەر لە رۆژی ٢٢ نیسانی ١٨٩٨ یەکەمین رۆژنامەی کوردی بەناوی کوردستان لە قاهیرەی پایتەختی میسر بڵاوکرایەوە و بووە یەکەمین ئەزموونی کورد لە بواری رۆژنامەگەریدا.
رۆژنامەکە لەلایەن میقداد مەدحەت بەدرخان دەرکرا، یەکەمین ژمارەی سێ هەزار دانەی لێ چاپکرا و دوو هەزار دانەی بە بێ بەرامبەر بڵاوکرایەوە.
ئەمڕۆ دوای ١٢٣ ساڵ لەو مێژووە بەپێی ئاماری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان ٩٤٣ رۆژنامە و گۆڤاری تۆمارکراو و دەیان کەناڵی تەلەڤیزیۆنی ئاسمانی و لۆکاڵی و دەیان رادیۆ و دەیان ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی رۆژانە پەخشی هەواڵ و زانیارییەکان دەکەن.
ساڵانە لە هەرێمی کوردستان لەم رۆژەدا یادی رۆژی رۆژنامەگەری کوردی دەکرێتەوە و وەک نەریتێک بە رۆژی رۆژنامەگەری کوردی پێناسەکراوە، بەڵام لە ئەمساڵەوە یادەکە بووە فەرمی و دوێنی ٢١ی نیسان پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی ١٠١ پەرلەمانتار رۆژی ٢٢ی نیسانی بە رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی دیاریکرد و لەمە بەدوا ساڵانە بە فەرمی یادی رۆژەکە دەکرێتەوە.
دوای مێژوویەکی دوور و درێژ لە ئەزمونکردنی بواری رۆژنامەگەری، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئازاد حەمەئەمین دەربارەی دۆخی رۆژنامەگەری کوردی لە هەرێمی کوردستان لە دیمانەیەکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "پێمان وایە رۆژنامەگەری کوردی توانیویەتی سوودی باش لە تەکنەلۆجیا وەربگرێت، بەپێی داتاکان ژمارەیەکی زۆر لە رادیۆ و تەلەڤیزیۆن و ماڵپەڕ و رۆژنامەی چاپکراو هەن، ئەوەی کە گرفتی سەرەکین و پێویستە لە داهاتوودا کاری لەسەر بکرێت ئێمە لەبەردەم ئاڵنگارییەکداین کە پێویستمان بە هەندێک ریفۆرم هەیە بۆ نموونە تاوەکو ئێستا یاسایەک نییە بۆ رێکخستنی پەخشی رادیۆ و تەلەڤیزیۆن، سۆشیال میدیا گرفتێکی دیکەیە و لە ماوەی رابردوو لەگەڵ پەرلەمانیش دانیشتمان بۆ ئەم بابەتە کردووە و کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتیشمان کرد، پێشنیازی دروستکردنی ئەنجوومەنێکی نیشتمانیی میدیامان هەیە و پرۆژەمان هەیە بۆ ریفۆرمکردنی یاساکان کە بابەتی رۆژنامەگەری ئەلیکترۆنی چارەسەر بکات".
دەربارەی گرفتەکانی بواری میدیا لەئێستادا لە هەرێمی کوردستاندا، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان رێکنەخستنی سۆشیال میدیای وەک گرفتێکی سەرەکی وێناکرد و گوتی: "گرفتێکی سەرەکی کە لەبەردەمماندایە ئەوەیە ئەکاونتی کەسی نابێتە ناوەندێک بۆ مومارەسەرکردنی کاری رۆژنامەوانی دەبێت ئەمە جیابکرێتەوە، لە دونیادا رۆژنامەنووسی هاووڵاتی هەیە، بەڵام ئەوەی لای ئێمە گرنگە رۆژنامەنووسی پیشەییە کە ئەو رۆژنامەنووسە پابەند دەبێت بە ئیتیکی کاری رۆژنامەوانی و میساقی شەرەفی کاری رۆژنامەوانی ئەمەش وادەکات کە لەبەردەم بەرپرسیارێتیدابێت بۆ ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندی باڵای خەڵک، پێمان وایە ئەمانە کۆمەڵێک بابەتن کە دەبێت لەگەڵ پەرلەمان و حکوومەت کاری لەسەر بکەین و چارەسەری بکەین ئەوانە و بابەتەکانی خانەنشینی و باشترکردنی گوزەرانی رۆژنامەنووسان و هەندێ کاری دیکەش".
لە وەڵامی ئەوەی وەک سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە دۆخی میدیایی ئیستای کوردستان رازین، ئازاد حەمەئەمین رایگەیاند "دوو بابەت هەن کە من لێی رازی نیم، یەکەمیان ئەوەیە کە بەداخەوە هەندێ جار، هەندێک پرۆژە دەبینین کە لە بنەمادا پرۆژەی میدیا نین و میدیایان ئیستیغلال کردووە بۆ هەندێ ئەجێندای دیکە کە زیانی بە پیشەی رۆژنامەوانی گەیاندووە و هەندێک کەس دەکرێت بە رۆژنامەنووس کە لەبنەمادا رۆژنامەنووس نییە، دووەمیش بابەتی پرۆفیشنیاڵییەت و بەپیشەیی کارکردنە، دەبێت دان بەوەدا بنێین ئێمە کەموکورتیمان هەیە لەڕووی پیشەییبوونەوە، رۆژنامەنووس لەبنەمادا بێلایەن و سەربەخۆیە، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا لە کوردستان نەمانتوانیوە تەواو بێلایەن و سەربەخۆبین لە رووماڵکردن و گەیاندنی زانیاری هەواڵەکان بۆ خەڵکی کە ئەمەش رەنگە کاریگەری خراپی هەبووبێت، بەهیوام لە داهاتوودا لەو پرۆژەیاسایانەی ئامادەمان کردووە بتوانین میکانیزمێک بۆ چارەسەری ئەو بابەتانە بدۆزینەوە".