ههولێر-KDP.info-هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و شاندێکی پەیوەندییەکانی دەرەوە سەردانی کۆنسووڵخانەی گشتیی چینی میلیان کرد.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی بە ناوی سەرکردایەتیی پارتییەوە هاوخەمیی گەیاندە حکوومەت و گەلی چین و قوربانیانی ڤایرۆسی کرۆنا. بەڕێز سیوەیلی ڕایگەیاند: "ئێمە گەشبینین کە گەل و حکوومەتی چین توانای ئەوەیان هەیە بتوانن ڕووبەڕووی ئەو مەترسییە ببنەوە.' بەشێکی دیکەی ئەو دیدارە پەیوەست بوو بە گفتوگۆ لەسەر پێشهاتەکای ئێستای عێراق بەگشتی و باردۆخی ناوەڕاست و باشوور بەتایبەتی. بەڕێز بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی جەختی لە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان و پارتی کردەوە لەسەر پاراستنی پێگە و ڕۆڵی هەرێمی کوردستانە لە عێراقدا هەروەکو چۆن لە دەستووردا دیاری کراوە. پشتیوانیی گەل و سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان بۆ حکوومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی گرفت و شەڕی تیرۆر بەردەوام دەبێت و هەماهەنگی و تێگەیشتنی تەواو لەو بارەیەوە ھەیە، هیوادارین حکوومەتەکانی داهاتوو بتوانن لە ئەزموونی ڕابردوو فێر بن و ئەو سیاسەتانە دووبارە نەکەنەوە کە هۆکاری نەهامەتیی گەلانی عێراق بوون.
دەربارەی ڕەوشی نێوخۆی هەرێمی کوردستان سیوەیلی ڕایگەیاند، لایەنە سیاسییەکانی هەرێم یەکدەنگ و یەکهەڵوێستن بۆ مامەڵەکردن لە بەرامبەر ڕووداوەکانی ئێستای عێراق و ناوچەکە و سەرۆکایەتیی هەرێم چەتری کۆکەرەوەی لایەنەکان و دەزگای شەرعیی هەرێمە بۆ ئەو مەبەستە. گوتیشی، حکوومەتی هەرێم هەموو ڕێوشوێنێکی پێویستی گرتووەتە بەر بۆ ڕێگریکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهاتێکی تەندروستی و، بەردەوام دەبین لە بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسییەکانمان لەگەڵ وڵاتی چینی میلی.
وانگ شۆهۆنگ، کونسووڵی ئەو وڵاتە سوپاسی ئەو سەردان و هاوخەمییەی کرد و ڕایگەیاند، کۆنسووڵخانەی گشتیی چین سوپاسگوزاری حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستانە. کۆنسووڵ شۆهۆنگ سەرسامی و پێزانی خۆی خستە ڕوو لە زۆریی پاڵپشتی و هاوسۆزیی خەڵک و حکوومەت و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بۆ گەلی چین. بەڕێزیان بە وردی باسی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کرۆنا و کارگەرییەکانی ڕێوشوێنی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە مەترسیدارەی کرد. لەو دیدارەدا، بەڕێز کۆنسووڵ جەختی لە بەردەوامبوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کردەوە و گوتی: 'ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین کە پەیوەندییەکانی نێوان گەلی چینی مەزن و گەلی کوردستانی خۆشەویست بەهێزتر بێت."
لە کۆتاییی گفتوگۆکاندا باس لە بەرنامەی کاری کۆنسووڵخانەی گشتیی چینی میلی لە هەرێمی کوردستان کرا و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی جەختی لە بەردوامبوونی پشتیوانی و کارئاسانی بۆ کونسووڵخانەی چین کردەوە.