ئه‌ردۆغان له‌سه‌ر ئۆپه‌راسيۆنى توركیا بۆ ناو خاكى هه‌رێمى كوردستان قسه‌ ده‌كات

دوایین نوێکردنەوە 2021-04-25 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

سەرکۆماری تورکیا لەڕێی ڤیدیۆ کۆنفڕانس پەیوەندی کرد بە ناوەندی فەرماندەیی "ئۆپەراسیۆنی چنگ- بروسکە و چنگ- تریشقە" کە بۆ سەر رێکخراوی پەکەکە لە باکووری عێراق ئەنجامدەدرێت.

رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگه‌یاند، ئامانجمان لەناوبردنی یەکجارەکی ئەو رێڕەوە تیرۆرییەیە کە هەوڵدەدرێت لە سەر سنوورەکانی باشووری وڵاتەکەمان دروست بکرێت. تا ریشەکێشکردنی تەواوەتی ئەم گرووپە خوێنمژانە کە جگە لە خوێن، فرمێسک و وێرانکاری هیچ شتێکیان بۆ ناوچەکەمان نەهێناوە، لە خەبات بەردەوام دەبین.

سەرکۆماری تورکیا ئەوەشی دووپاتکردەوە کە هیچ هێزێک نییە لە بەرامبەر سەربازانی تورکیا خۆی رابگرێت کە بە تێڕوانینی "ئەگەر بکوژرێم شەهیدم و ئەگەر زیندوو بمێنمەوە دەبمە خەباتکار" شەڕ دەکەن.

ئەردۆغان، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا ژمارەیەکی زۆر حەشارگە و ئەشکەوت بۆردومان کراون و تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە چالاکی خراون و گوتیشی: "بەکارهێنانی پیشەسازی سەربازی ناوخۆیی لە ئۆپەراسیۆنەکاندا مایەی شانازییەکی دیکەیە".

دەربارەی شوێنی ئۆپەراسیۆنەکەش کە باکووری عێراق-ە، ئەردۆغان رایگەیاند: ئەم ئۆپەراسیۆنە بە لەبەرچاوگرتنی یەکپارچەیی خاکی عێراق ئەنجام دەدرێت و سوودێکی گرنگی بۆ ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە دەبێت.