دیجیتاڵ میدیاى سپێده
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەو دەنگدەرانەی کە داتاکانیان نوێکردووەتەوە، کارتی بایۆمەتری تایبەت بە دەنگدانیان پێ دەدرێت.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، جومانە غەلای لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە تا ئێستا یەک ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار دەنگدەر داتاکانیان نوێکردووەتەوە و گوتی:
"ئەو دەنگدەرانەی کە داتاکانیان نوێکردووەتەوە، کارتی بایۆمەتری تایبەت بە دەنگدانیان پێ دەدرێت، بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، بکەن".
جومانە غەلای گوتیشی: "تەنھا ئەو دەنگدەرانەی کە کارتی بایۆمەتریان ھەیە، دەتوانن بەشداری لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەراندا بکەن".
چاوەڕوان دەکرێت ھەڵبژاردنی پێشوختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٠ی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت کە تیایدا ٢٥ ملیۆن و ١٣٩ ھەزار و ٣٧٥ دەنگدەر مافی بەشدارییکردنیان لە پڕۆسەکەدا ھەیە.