مێرگەسۆری: بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان گلەیی لە شێوازی کاندیدکردنی عەلاوی دەکەن

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-17 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- ماوەی چەند ڕۆژێکە بەردەوام شاندی کەسایەتی و سەرکردە باڵاکانی عێراق بۆ ھەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووەتەوە، بەتایبەتی لەبارەی ڕەوشی ئێستای عێراقەوە دیداریان لەگەڵ سەرۆک بارزانی کردووە. بڕیاردەری فڕاکسیۆنی پارتی لە خۆلی ڕابردووی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێ، سەرۆک بارزانی ڕۆڵی لە بنیاتنانەوەی عێراقی نوێدا ھەبووە.

نەدا مێرگەسۆری، بڕیاردەری فڕاکسیۆنی پارتی لە خۆلی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەرۆک بارزانی وەک مەرجەعی گەلی کوردستان و کەسایەتیی سیاسیی ھەرە باڵای عێراق، ھەموو کات ڕۆڵی کاریگەر و بەھێزی لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا ھەبووە، بەتایبەتی لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق، ھەمیشە سەرۆک بارزانی کاری بۆ بنیاتنانەوەی عێراقی نوێ کردووە، ئێستاش عێراق بە کۆمەڵێک قەیراندا تێ دەپەڕێت و نێوماڵی شیعەش بۆ دانانی سەرۆکوەزیرانی داھاتووی عێراق کێشەی تێ کەوتووە، ڕاستە محەمەد عەلاوی ڕاسپێردراوە بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ، بەڵام قەیرانی سیاسی ھێشتا بەردەوامە و پێویستی بە تەوافوقی گشتگیر ھەیە، لەبەر ئەوە، سەرۆک بارزانی ڕۆڵی لە چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی عێراقدا دەبێت."

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق دەشڵێت: "چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و دانانی سەرۆکوەزیرانی نوێ ڕاستە لە پشکی شیعە دەبێت، بەڵام پێویستی بە تەوافوق ھەیە، ئەو شاندانەی لە ڕۆژانی ڕابردوو سەردانی سەرۆک بارزانییان کردووە، گلەیییان لە میکانیزمی دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران ھەبووە، لە یەکەم لێدوانیشدا عەلاوی ئاماژەی بە ١١ مەلەف کردووە بۆ چارەسەرکردن، ئەوەش پێویستی بە ھیممەتی ھەموو لایەک ھەیە."

مێرگەسۆری ڕوونی کردەوە: "دەبێ پێگەی ھەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت، لەبەر ئەوەی پێکھێنانی کابینەی حکوومەت بەو ئاسانییە نییە، کە باسی دەکرێت."

پەیوەست بە ھەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کابینەی نوێی عێراق، نەدا مێرگەسۆری ڕوونی کردەوە: "پارتی ھەمیشە کاری بۆ بەدەستھێنانی مافە دەستووری و یاساییەکانی خەڵکی کوردستان لە بەغدا کردووە، بەرھەمەکەیشی دیارە، نوێنەرانی پارتی ھیچ کات نەیانویستووە کار بۆ بەدەستھێنانی پۆست بکەن، بەپێچەوانەوە پارتی وەک گەورەترین حزب لە عێراق و کوردستان شوێنی دیار بووە."

قائید میرۆ