پارتی ٦٧ ساڵەی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان پیرۆز دەکات

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-17 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info-  مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی (67)ەمین ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی راگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتی:

بەڕێزان/ سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەت و هەڤاڵانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان..

بەبۆنەی بیرەوەری (67)ەمین ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان، ئەو رێكخراوەی بەدرێژایی كاروانی پڕ بەخشش و تێكۆشانی رۆڵی بەرچاو و كاریگەری بینیوە بۆ بەدیهاتنی دەسكەوتی زیاتر بۆ توێژی هۆشیار و خوێنگەرمی لاوان و كۆمەڵگەكەمان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و سەرجەم کادیر و ئەندامانی رێکخراوە تێکۆشەرەکەتان و تێکڕای لاوانی ئازیزی کوردستان دەکەین و ھیوای بەردەوامی و نەسرەوتنتان بۆ دەخوازین.

توێژی لاوان هەمیشە مایەی ئومێدی گەلەكەمانن، بارزانی نەمر فەرموویەتی((لاوان شوورەی پۆڵایینن بۆ پاراستنی کوردستان)) هەر بۆیەش پێویستە بۆ لەمەودواش بە گیانی لەخۆبردوویی و نیشتیمانپەروەرانە بەپێی هەلومەرجی ئەمڕۆ رۆڵی گرنگ  و پڕ شانازی خۆتان ببینن و، وەك توێژێكی كاریگەر لە ئاست ئەو ئەركەو هەوڵ و كۆششەدابن.

یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان، توانیویەتی وەك رێكخراوێكی گرنگ و ئەكتیڤ كۆكەرەوەی هێز و تواناكانی لاوان بێت و بەپێی بنەما راست و دروستەكانی كاری پیشەیی و خواستەکانی ئەمڕۆی لاوان، بەگوێرەی هەلومەرج و پێداویستییە هەنووكەییەكان، ئەركی خۆی لەو بوارەدا بەجێبێنێ و لە سەر ئاستی نیشتیمانی و دیموكراسی و كۆمەڵایەتیدا پانتایی كار و چالاكییەكانی بەرفراوانتر بكات بۆ جێبەجێكردنی بەرنامە و پرۆگرامەكانی لە رەگداكوتانی كولتوور و رۆشنبیریی رەسەن و برەودان بە نوێگەریی و هاوچەرخێتیی، جگە لەوەی لەسەر ئاستی دەرەوە و جیهانیش رۆڵی شیاوی خۆی بینیوە.

  توێژی لاوان لە نێو توێژە كۆمەڵایەتیەكانی دیكەی كۆمەڵگە و لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانیشدا بایەخی خۆی هەبووە و لە ھەر بزاوت و هەڵوێست و داھێنانێکدا و، لە پاراستن و بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگە و بونیادنان و برەودان بە بوارەكانی پەرەپێدان جێدەستیان دیاربووە، هەروەها یەكێتی لاوان لەو رێگایەدا بە دەیان سەركردە و سیاسەتمەدار و كەسایەتی لێهاتووی پێگەیاندووە بۆ مەیدانی خەبات و تێكۆشان.

جارێكی دیكە وێرای پیرۆزباییمان، پاڵپشتی تەواوی خۆمان بۆ یەكێتیەكەتان دووپات دەكەینەوە، ئومێدەوارین بۆ ساڵی داهاتووش وەك هەمیشە پێشەنگ و بەوپەڕی دڵسۆزی و بەرپرسانە كاروبار و چالاكییەكانتان رابپەڕێنن و هەنگاوی باشتر بنێن و بەرەو پێش بچن بۆ بەدیهێنانی گشت ئامانجەكانتان.

سڵاو لە شەست و حەوت ساڵ خەباتی نەپساوەی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان..

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
18/2/3020