هەولێر-KDP.info- به بۆنەی یادی (67) شەست و حەوت ساڵەی دامەزراندنی ھەردوو یەکێتی قوتابیانی کوردستان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان به ناوی خۆم و جێگر و ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی ( کەرکووك - گەرمیان)، گەرمترین پیرۆزبایی له دەستەی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان و هەردوو سکرتاریەت و کادر و ئەندامان و گشت قوتابیان و لاوانی کوردستان دەکەین .
یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان له ڕۆژگارێکی پێویست و پڕدژوار و سەخت له مێژووی خەباتی گەلەکەمان لەسەر پێشنیاری بارزانی نەمر دروست بوو، وەکو زەروورەتێکی مێژوویی هاته سەر گۆڕەپانی تێکۆشان بۆ بەدەستھێنانی مافە دیموکراسی و ڕەواکانی گەل له کوردستان و عێراق. ئامانجی ئەم دوو ڕێکخراوه تێکۆشەرانە هەر له سەرەتاوه لەسەر بنەمای تەواوی بیری دیموکراتی و ئازادی و دادپەروەری و خوێندن و زانست بووە و، لە ھەمان کاتدا قوتابخانەیەکی بەھێز و پاك بۆ پەروەردەی بیری ڕزگاریی گەل و نیشتمان لەسەر بنەمای دیموکراتی و پێکەوەژیانی ئاشتی بووە. لە ڕیزەکانی ئەم دوو ڕێکخراوە گرنگ و نیشتمانپەروەرانە ژمارەیەکی بەرچاوی سەرکردە و کادری قارەمان و لێهاتوو که ڕۆڵ و پێگەی گرنگیان هەبووە و هەیه لە مێژووی خەباتی گەلەکەماندا، لە ڕیزەکانی ئەم دوو ڕێکخراوە تێکۆشەرانە پەروەردە بوون و ئەو دوو ڕێکخراوه تێکۆشەرەش له مێژووی پڕ سەروەریی خۆیاندا، بەبێ جیاوازیی سیاسی و ڕەگەزی و ئایینی و مەزهەبی، ئەرکی پەروەردەیی و زانستی و نیشتمانییان ئەنجام داوە و بەردەوام بوونە له کاروانی خەبات لەپێناو وەدیهێنانی تەواوی دروشم و ئامانجە پیرۆزەکانی قوتابیان و لاوان و گشت گەلی کوردستان.
یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان ڕۆڵی گرنگ و بەرچاو و پێگەی تایبەتیان هەبووە له قوربانیدان و گۆڕانکاری و نوێبوونەوه له قۆناغه جیاجیاکانی مێژووی خەباتی گەلەکەماندا و ئێستاش بە ھەمان شێوە چاوەڕوانییان لێ دەکەین.
سڵاو لە ئێوەی تێکۆشەر بۆ کارکردنی بەردەوام و بێوچان بەو ھێزە پاك و لەبننەھاتووەی ئێوەی سەربەرز و نیشتمانپەروەر و دیموکرات و ئاشتیخواز.
سلاو بۆ گیانی پاکی شەھیدانی کورد و کوردستان.
سلاو له پێشمەرگە قارەمانەکان.
بەرز و پێرۆز بێت ئەم یاده پڕشکۆداره له گشت قوتابیان و لاوانی کوردستان و گشت گەلی کوردستان.
دکتۆر کەمال کەرکووکی
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی (کەرکووک - گەرمیان)