د.عەلی قەرەداغی
رەمەزان میوانێكی خۆشەویست و دانسقەیە، وا خواحافیزیمان لێدەكات
وا پانزەهەمین رۆژی رەمەزان تێپەڕی، ئایا ئێمە چیمان تێیاندا پێشكەشكردووە...رەحمەتی خوای گەورە لە پێشینانمان بێت كە زۆر جوان لە حەقیقەتی تەمەنی مرۆڤ گەیشتوون، ئەبو نوعەیم لە كتێبی (حلیە اڵاولیاو)دا دەگێڕێتەوە كە حەسەنی بەصری وتوویەتی: (ئەی ئادەمیزاد ئەوە بزانە كە تەمەنی تۆ چەند رۆژێكە، ئەگەر رۆژێكت تێپەڕی ئەوا بەشێكت دەڕوات).
خوای گەورە لە ئەبو درداو رازی بێت، هەروەك بەیهەقی لە بەشی بەشەكانی باوەڕدا بە سەنەد لێیەوە دەگێڕێتەوە كە وتوویەتی: ((ئەی ئادەمیزاد چۆنت دەوێ وەها گەشت بە زەویدا بكەو بیپێچەرەوە، تا تۆ نەگەیتە گۆرەكەت ئەو تەواو نابێ، ئەی ئادەمیزاد تەمەنی تۆ چەند رۆژێكە، هەركات رۆژێك تێپەڕی ئەوا بەشێك لە تۆ دەڕوات، ئەی ئادەمیزاد تۆ تەمەنت دیارییە هەركات چركەیەك یان بەشێك لە چركەیەكت لێ رۆیشت ئەوا بەشێكت لێدەڕوات).
رەحمەتی خوای گەورە لە ئەمیری شاعیران ئەحمەد شەوقی بێت كە وتوویەتی:
لێدانەكانی دڵ بە مرۆڤ دەڵێن
بزانە كە ژیان چەند خولەك و چركەیەكە
كارێكی بەرزبوونەوە بۆ خۆت بكە تا دوای مردن باست بكرێ
چونكە باسكردن بە باشە بۆ مرۆڤ لەدوای مردن تەمەنێكی ترە...
ئەی برایان و خوشكانی رێزدارم:
ئەوەی لێمان داوادەكرێ ئەمەیە كە:
هەڵوەستەیەك بكەین و لێپرسینەوەیەك لە خۆمان بكەین
پێداچوونەوەیەك بكەین و ئەوەی لەدەستمان چووە قەرەبووی بكەینەوە...
دەی خۆتان راستبكەنەوەو پەشیمان ببنەوە، با بە باوەڕێكی كامڵ و كردەوەی چاك و زیاترەوە بڕۆینە ناو دووەم دە رۆژی مانگی رەمەزان...
بەم نزیكانە رەمەزان خواحافیزیتان لێدەكات، نەكەن وەك ئەو كەسە بن كە بە باشی رێز لە میوانەكەی ناگرێت.
رێنمایی پێغەمبەر دەربارەی ئەو كارانەی
كە لە رۆژووگرتندا قەدەغەیان لێكراوەو ئەوانەش كە رێگاپێدراون تیایدا:
1-رێگیری لە رۆژووەوان كردووە كە گوتەی خراپ بە زاریدا بێت و قیژە قیژ بكات و جنێوبدات و وەڵامی جنێو بداتەوە، بەڵكو فەرمانی پێكردووە كە ئەگەر كەسێ جنێوی پێدا یان قسەی ناشیرینی بەرانبەری كرد ئەم بڵێ: من بەڕۆژووم.
2- پێغەمبەر لە رەمەزاندا سەفەری كردووە، بەپێی بۆ گونجاندن تیایدا بەڕۆژوو بووە، جاری واش هەبووە بەڕۆژوو نەبووە، هاوەڵانی سەرپشك كردووە لەنێوان هەردوو حاڵەتەكەدا.
3-كاتێكیش نزیككەوتبنەوە لە دوژمن و دەستەویەخە بووبن لەگەڵیاندا فەرمانی پێداون رۆژووەكەیان بشكێنن.
4-لە سوننەتی پێغەمبەردا نەهاتووە كە ماوەی دووری سەفەر بۆ رۆژووەوان بە دوورییەكی دیاریكراو بخەمڵێنێ.
5-كاتێ هاوەڵان خۆیان ئامادە دەكرد بۆ سەفەركردن هەر بەو نیەتی سەفەركردن و خۆسازدانە رۆژوویان دەشكاند، بێئەوەی دەرچوون لە ماڵەكان بەهەند بگرن، ئینجا هەواڵیان دەدا كە ئەوە رێنمایی و سوننەتی پێغەمبەرە .
6- كات بووە لە ئەنجامی تێكەڵبوونی لەگەڵ هاوسەری لەشگرانی بەسەردا بێت و تا نوێژی بەیانی هەروا بمێنێتەوە، ئینجا خۆی شۆردووەو نوێژی بەیانی كردووەو بەرۆژوو بووە.
7-كات بووە لە رەمەزاندا بە زمانی بەڕۆژووەوە ماچی هاوسەری بكات.
8-بە زمانی بەڕۆژووەوە سیواكی كردووە، ئاوی لە دەم و لووتی خۆی راداوە. هەر بە زمانی رۆژووەوە ئاوی كردووە بە سەریدا .
9-یەكێكیر لە سوننەتەكانی ئەوە بووە ئەگەر رۆژووەوانێ لەبیری چووبێت كە بەڕۆژووەو خواردن یان خواردنەوەیەكی خواردبێ پێغەمبەر فەرمانی پێنەداوە كە رۆژووەكەی بگرێتەوە.
10-رێگایداوە بە نەخۆش و گەشتكار كە بەڕۆژوو نەبن بەڵام دواتر بیگرنەوە، بۆ ئافرەتی سكپڕ و شیردەریش كە ئەگەر ترسان لە تەندروستی خۆیان بۆیان هەیە هەمان حوكم پیادە بكەن.
لەدایكبوونی مرۆڤ لە رەمەزاندا
لەدێر زەماندا وتراوە زمانت ئەسپی سواریتە ئەگەر بیپارێزێ دەتپارێزێ، هەندێ لە فیقهناسان هاتوون چەندین كتێبیان لەبارەی بەڵا خراپەكانی زمان و پاراستنی باوەڕ لە هەڵەكانی زمان نوسیوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرمووێ: ((كەسێ گوتەیەك كە جێگای رەزامەندی خوای گەورە بێت لە زاری دێتە دەر، لە كاتێكدا خۆی ئەوەندە بەلایەوە گرنگ نیە.. بەڵام خوای گەورە بەهۆی ئەو گوتەیەوە چەندینجار پلەی بەرزدەكاتەوە، یان كەسێ گوتەیەك لە زاری دێتەدەر كە دەبێتە مایەی ناڕەزایی و توڕەبوونی خوای گەورە بەڵام خۆی ئەوەندە بەلایەوە گرنگ نیە.. بێئاگایە كە بەهۆیەوە فڕێدەدرێتە ناو دۆزەخەوە بە ماوەیەك كە دوورترە لە دووری نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوا، (بوخاری لە كتێبی الرقائق لە بەشی زمانپاراستن) دا ریوایەتی كردووە.
لەو گوتە حەرامكراوانەش:
1- رازیبوون بە رای كەسێ كە بیەوێت كارێكی خراپ دابهێنێ، ئەوا لەبری ئەو كارە خراپە سزا دەدرێ مادامێ ئەو گوتەیەی بووەتە مایەی ئەوە كەسێ كار بەو كارە خراپەیە بكات.كەواتە خۆت بەدووربگرە لە شەرعاندنی هەر حەرامكراوێك یان بانگهێشتكردن بۆ لای شتی گوماناوی یان رشتنی خوێنێكی بە ناهەق یان پیشێلكردنی پیرۆزییەك.
2- یارمەتیدانی ستەمكار لە دژی ستەملێكراو لە وەرگرتنی ماڵی حەرام و پیس و تاڵ وەك باجەكان و بەرتیل وەرگرتن.كەواتە نەكەی ببیتە قامچی تاوان و خراپەو كارە قێزەونەكان.
3- وەك ئەوەی مرۆڤ هەرچی ببیستێ بیگڕێتەوەو دەماودەمی پێبكات بێئەوەی دڵنیابێت لە راستی و دروستی ئەو هەواڵە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)دەفەرمووێ: (ئەگەر كەسێ هیچ گوناهێكی تری نەبێت ئەوا هەر ئەو گوناهەی بەسە كە هەرچی ببیستێ بیگێڕێتەوە و دەماودەمی پێبكات).
لەڕاستیدا لەدایكبوونی مرۆڤ لە رەمەزاندا لە پاراستنی زمانیدا دەدرەوشێتەوە، كەواتە كە قسەت كرد چاكە بڵێ یان بێدنگ بە، وشەیش نرخ و قورسایی خۆی هەیە، هەرزانفرۆشی مەكە تا خۆت سوك نەكەیت و واز لە باسێ بێنە پەیوەندی بەتۆوە نیە، وتراویشە: نەكەی خۆت لە شتانێ هەڵقورتێنی كە ئیشی تۆ نین چونكە زۆر لەسەرت دەكەون.