دیاری حوسێن: تا ئێستا زیاتر لە 50هەزار عەرەب هاوردەی كه‌ركووك كراون

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-18 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

كەركووك-KDP.info- جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك _ گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، پارێزگاری كەركووك پرۆسەی تەعریبی بە شێوەیەكی فراوان دەستپێكردووە و لە هەموو لایەكەوە عەرەب هاوردە دەكات و لە هەموو ناوچەكانی كەركووك نیشتەجێیان دەكات، تا ئێستاش زیاتر لە 50هەزار عەرەبی هاوردە كردووە، ئەمەش زیانی بۆ كورد دەبێت لە كەركووك.

دیاری حوسێن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، هەوڵەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی دۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە، بەڵام ئەوەی مەترسیدارە پارێزگاری سه‌پێنراوی كەركووك بە شێوەیەكی فراوان دەستی داوەتە تەعریبكردن و بە هەموو شێوەیەك تەعریب دەكات و عەرەب هاوردە دەكات لە هەموو ناوچەكانەوە بۆ ناو كەركووك، بۆ ئەوەی رێژەی عەرەب لە كورد زیاتر بێت و هەموو ئاسانكارییەك بۆ عەرەبەكان دەكرێت لە ڕووی ناسنامە و پسوولەی خۆراكه‌وه‌، ئەمەش كاریگەریی زۆری دەبێت بۆ سەر سەرژمێری لە عێراق و پێویستە ئەو پرسە یەكلا بكرێتەوە و دواتر سەرژمێری بكرێت.

حوسێن گوتیشی، بە بەردەوامی عەرەب هاوردە دەكرێن و بەپێی زانیارییەكان تاوەكو ئێستا زیاتر لە 50هەزار عەرەب هاوردە كراون، كە ئەو عەرەبانە لە حەویجە و داقووق و دوبز و لەیلان و رەشاد و ناو سەنتەری كەركووك نیشتەجێ دەكرێن و كەسیش نییە رێگرییان لێ بكات، چونكە پارێزگار ئیدارەی شارەكە دەكات.

 

بڵند ئیبراهیم