ئەمڕۆ 19ـەمین ساڵوەگەڕی تیرۆرکردنی فەرەنسۆ هەریرییە

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-18 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ 18/2/2020، 19مین ساڵوەگەڕی تیرۆرکردنی شەهید فەرەنسۆ هەریرییە، کە سەرکردەیەکی باڵای مەسیحیی کوردستانی بوو.

فەرنسۆ هەریری لە ساڵی 1937 شارەدێی هەریری سەر بە شارۆچکەی شەقڵاوە لە پارێزگای هەولێر لە دایک بووە. لە ساڵی 1961ـوەوە چووەتە شاخ و بووەتە پێشمەرگە.

شەهید فەرەنسۆ هەریری، کە هاووڵاتییەکی مەسیحیی کوردستان بوو، بەهۆی قارەمانێتیی خۆی، بووە یەکێک لە سەرکردەکانی شۆڕشی رزگاریخوازی کوردستان و بەهۆی دڵسۆزیی بۆ خاک و گەلی کوردستان، هەرزوو بووەتە خۆشەویستی پێشمەرگە و سەرکردایەتیی شۆڕشی رزگاریخوازی كوردستان، کە مستەفا بارزانی، سەرۆکایەتی دەکرد و وەکو کەسێکی نزیکی خۆی سەیری دەکرد.

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ جێدەستی لە خەباتی شاخ و شاری گەلی کوردستان دیارە، دوایین پلەی حزبی ئەندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی بوو و یەکێک بوو لە سەرکردە هەرە نزیکەکان لە سەرۆک بارزانی.

فەرەنسۆ هەریری، کە لە ساڵی 1996 تا 2000 پارێزگاری هەولێر بوو، سەرەڕای ئابڵووقەی ئابووری لەسەر هەرێمی کوردستان، بە داراییەکی کەم و خەباتێکی بێ وچان، چەندین پرۆژەی گەورەی (بۆ ئەو کات) لە هەولێر ئەنجام دا، کە گرنگترینیان بونیاتنانەوە و گەورەکردنی یاریگای یانەی وەرزشی هەولێر و دروستکردنی کۆشکی هونەر لە هەولێر بوون و دوای شەهیدبوونیشی، وەک رێزێک بۆی، یاریگای یانەکە بە ناوی شەهید فەرەنسۆ هەریری کرا.

رۆژی 18ـی شوباتی 2001، ژمارەیەک چەکداری تیرۆریست لە شەقامی 60 مەتریی هەولێر، فەرەنسۆ هەریری‌یان کردە ئامانجی کردەوە چەپەڵەکانیان و شەهیدیان کرد.