سه‌رۆكی هه‌رێم داوای دروستکردنی ھێزێکی ھاوبەش دەکات

دوایین نوێکردنەوە 2021-05-01 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لەبارەی ھێرشەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر ھێزەکانی پێشمەرگە سنووری شارۆچکەی پردێ پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیاییدا داوای دروستکردنی ھێزێکی ھاوبەش دەکات بۆ ناوچەکە.

لە پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانیی دا ھاتووە: "کاتژمێر ٢١:٣٠ی شەوی رابردوو، چەکدارانی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە میحوەری رۆژئاوای کەرکووکی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ھێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە نزیک گوندی قەیباشی لە سنووری شارۆچکەی پردێی پارێزگای کەرکووک، لە ئەنجامدا سێ پێشمەرگە کە بە قارەمانانە بەرەنگاری داعش بوونەوە، گیانیان لەدەستدا و شەھیدبوون. سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ھەرسێ پێشمەرگەی شەھید دەکەین و ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین".

لە بەشیکی دیکەی پەیامەکەدا ھاتووە: "ئێمە چەندین جار حکوومەتی فیدرالیی عێراق و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشمان لە مەترسیی بەھێزبوونەوەی داعش و سوود وەرگرتن لە بۆشاییە ئەمنییەکانی ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان ئاگادارکردووەتەوە. ھێرشی شەوی رابردووی داعش لەو میحوەرەی پێشمەرگەدا ھاوکات بووە لەگەڵ چەند ھێرشێکی دیکەی داعش دا".

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی داوای دروستکردنی ھێزێکی ھاوبەش دەکات لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا وەک لە پەیامەکەی دا ھاتووە: "لێرەدا جارێکی دیکە داوا لە پەرلەمان و حکوومەتی فیدرالیی عێراق و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەکەین، بەخێرایی کاربکەن لەسەر دروستکردنی ھێزی ھاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دا لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان، بۆ ئەوەی چیدیکە ئەو ناوچانە وەک کۆریدۆری جموجۆڵە تیرۆریستییەکان لەلایەن داعشەوە بەکارنەھێندرێت، چونکە ئەوە مەترسییەکی زۆر گەورەیە لەسەر ھەرێمی کوردستان و ھەموو عێراق و ھەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی ھەموو ناوچەکە و جیھان. ھەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ ھەموو جۆرە ھاوکارییەک لەپێناو دروستکردنی ئەو ھاوبەشی و ھاوئاھەنگییە بەشێوەیەکی خێرا".