گوێڕ -KDP- ئەمڕۆ پردی گوێڕ وەک گەورەترین پردی عێراق کرایەوە و بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕیش دەڵێ، پردی گوێڕ سێ پارێزگا بە یەکەوە دەبەستێتەوە و کاریگەری لەسەر بزاوتی بازرگانیی نێوان ھەولێر و مووسڵ دەبێت.
مەسعود نووری، بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای سێ ساڵ لە گرتنی، ئەمڕۆ پردی گوێڕ، وەک گەورەترین پردی عێراق، بەفەرمی کرایەوە، ئەوەش دوای نۆژەنکردنەوەی پردەکە کە بەھۆی شەڕی داعشەوە زیانی بەرکەوتبوو."
بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ دەڵێت: "پردەکە لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە دەپارێزرێت و ئەمڕۆش بە ھاوکاری و ھەماھەنگیی میحوەری ٦ی مەخموور- گوێڕی ھێزی پێشمەرگە کراوەتەوە و ھاووڵاتیان ھاتوچۆی پێدا دەکەن."
مەسعوود نووری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پردی گوێڕ ھەرسێ پارێزگای ھەولێر و مووسڵ و کەرکووک پێکەوە گرێ دەدات و لە ڕووی بارزگانیشەوە سوودێکی گەورەی دەبێت بۆ ناوچەکە، چونکە ڕێگایەکی ستراتیژییە لە نێوان ھەولێر و مووسڵ، دوای سەردانی پارێزگاری ھەولێر بۆ گوێڕ بڕیاری کردنەوەی دراوە."
قائید میرۆ