هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە 2020/2/18 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆما لە گەڵ جوزێپێ کۆنتێ سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئیتالیا و هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە کرا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی ئیتالیای کرد بۆ پشتیوانیی بەهێزی لە شەڕی دژ بە داعش و راهێنان بە پێشمەرگە . سەرۆکی حکومەت هەروەها ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم کرد بۆ بەهێزکردنی ئەزموونی پێکەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستا ن.
تیشکیشی خستە سەر کارنامەی چاکسازی کابینەی نۆیەم و ئاسانکاریکردن بۆ پرۆسەی وەبەرهێنان . هیوای خواست وەبەرهێنانی ئیتالی لە کوردستاندا گەشە بسەنێت.
سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەردەومیدان بە هەماهەنگی و پشتگیریکردنی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەربڕی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش. هەروەها جەختیشی لە دۆستایەتی ئیتالیا و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە گەل هەرێمی کوردستان کردەوە بەتایبەتی لە بواری پەرەپێدانی وەبەرهێنانی ئیتالی لە هەرێمی کوردستان.