حاڵه‌ته‌ تۆماركراوه‌كانی كۆرۆنا له‌ هیندستان له‌ 20 ملیۆن نزیك بووه‌ته‌وه‌

دوا نوێکردنەوە: 2021-05-03 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

حاڵه‌ته‌ تۆماركراوه‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ له‌ هیندستان كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی به‌توندترین شێوه‌ ئه‌و په‌تا جیهانگیره‌ كاریگه‌ری كردووه‌ته‌ سه‌ری له‌ ٢٠ ملیۆن نزیك بووه‌ته‌وه‌

بەپێی راگەیەندراوێک کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی هیندستانەوە بڵاوکراوەتەوە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٣٦٨ هه‌زار و ١٤٧ حاڵەت تووشبوون بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمارکراوە و سێ هەزار و ٤١٧ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

لە کاتێکدا تێکڕای ژمارەی تووشبووانی پەتاکە لە هیندستان گەیشتووەتە ١٩ ملیۆن و ٩٢٥ هەزار و ٦٠٤ کەس، کۆی ژمارەی ئەوکەسانەی بەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ ٢١٨ هەزار و ٩٥٩ کەس، ژمارەی ئەو نەخۆشانەشی چارەسەرکردنیان درێژەی هەیە گەیشتووەتە سێ ملیۆن و ٤١٣ هەزار و ٦٤٢ کەس.

حاڵەتەکانی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا لە هیندستان کە لە مانگی نیساندا رووی لە هەڵکشان کرد، بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.

لە هیندستان ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە پەتاکە لە چواری نیساندا، ١٠٠ هەزاری تێپەڕاند و لە ١٥ی نیساندا، ٢٠٠ هەزار و لە ٢١ی نیسان-یشدا، ٣٠٠ هەزار و لە ٣٠ی نیسانیشه‌وه‌، ٤٠٠ هەزاری تێپەڕاندووە.

هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی پەتای کۆرۆنا لە هیندستان، ژمارەی ئەو کەسانەی رۆژانە بەو پەتا جیهانگیرییە گیان لەدەست دەدەن لە بەرزبوونەوەدایە و لە ٢٠ نیساندا، دوو هەزار و لە ٢٧ی نیسانیشەوە، سێ هەزاری تێپەڕاندووە.

هیندستان لەئێستادا ریزبەندی یەکەمی وڵاتانی جیهانی گرتووە لە تۆمارکردنی زۆرترین حاڵەتەکانی رۆژانە لە تووشبوون و گیانلەدەستدان بە پەتای کۆرۆنا.

وەزارەتی تەندروستیی هیندستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە ژمارەی ئەوکەسانەی دژ بەو پەتایە ڤاکسینیان وەرگرتووە گەیشتووەتە ١٥٧ ملیۆن و ١٩٨ هەزار و ٢٠٧ کەس.

لە دوای ئەمریکا و چین، هیندستان لە ریزبەندی سێیەمدایە لە رووی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا.