جه‌بار یاوه‌ر: سوپا و پێشمه‌رگه‌ بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌كان پڕده‌كه‌نه‌وه‌

دوا نوێکردنەوە: 2021-05-03 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق جەبار یاوەر رایگەیاند کە شەوی رابردوو بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان ئەنجامداوە سەبارەت بە ھەڕەشە جیددییەکانی تیرۆریستانی داعش و بڕیاردراوە بۆشاییە ئەمنییەکان بە ھاوبەشی پڕبکرێنەوە.

فەریق جەبار یاوەر لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە 'پێش چەند کاتژمێرێک لە بەغدای پایتەخت لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق جەمال ئیمنکی بەشداربووین لە کۆبوونەوەیەکی فراوانی سەبازیی و ئەمنیی کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی سەرپەرشتی کرا بە ئامادەبوونی وەزیرانی بەرگری، ناوخۆ و دارایی لە حکوومەتی فیدراڵی".

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە، کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بەو ھەڕەشە جیددییانەی تیرۆريستانی داعش کە لە ماوەی رابردوو بەھۆی بۆشایی ئەمنی و سەربازییەوە دروستیان کردبوو کە بووە ھۆی شەھیدبوونی ژمارەیەک پێشمەرگەی لیوای ۱٠ی وەزارەتی پێشمەرگە و سەربازانی وەزارەتی بەرگری لە حکوومەتی فیدراڵ.

بەپێی بڵاوکراوەکەی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاردراوە بەچالاککردنی لیژنەی ھاوبەش و ھاتووە:'بڕیاردرا بە زیاتر چالاککردنی ھەماھەنگی و کارە ھاوبەشەکانی لیژنە ھاوبەش و تیمە ھاوبەشەکانی نێوان سوپا و ھێزەکانی پێشمەرگە لە سەنتەرە ھاوبەشەکانی نێوانمان و پڕکردنەوە بۆشاییەکان و ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییە ھەواڵگریەکان تا رێگربین لە دووبارەبوونەوەی کاری لەوجۆرە و زیاتر پتەوکردنی پشتێنە ئەمنییەکان و زیادکردنی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانمان'.