عەمید سەرحەد قادر له‌باره‌ى په‌یوه‌ندیكردنى به‌ یه‌كێتییه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

دوا نوێکردنەوە: 2021-05-03 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

عەمید سەرحەد قادر ڕایگەیاند: یەکێتی بوون نە عەیبەیە نە بە دزییەوە دەبێت، بەڵام من لە ماڵی خۆم دانیشتووم و پەیوەندی حیزبیم به هیچ حیزبێکەوه نییە.

عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەرى پێشووى پۆلیسى قەزا و ناحیەکانى کەرکوک کە لەسەر پشکى پارتى ئەو پۆستەى وەرگرتبوو له‌ ڕوونکردنەوەیەکدا رایگه‌یاندووه‌، من لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە تا ئەمڕۆ لە ماڵی خۆم دانیشتووم پەیوەندی حیزبیم به هیچ حیزبێکەوە نییە، له 16ی ئۆکتۆبەرەوە ئەوە كیشانەی هەم بوون چارەسەر نەكراوه.

عەمید سەرحەد قادر لەدواى ڕووداوەکانى 16ی ئۆکتۆبەرەوە لە سلێمانى دادەنیشێت و لەلایەن عێراقەوە فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەرکراوە، بەڵام تا ئێستا بڕیارەکە جیبەجێنەکراوە.

عەمید سەرحەد قادر راشیگه‌یاندووه‌، بەداخەوە! ئەوەندەی یەکێتی محاوەلەی کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانم پارتی نەیکردوه کە لەسەر ڕیفراندۆم من توشی ئەو کێشانە بووم، لەسەر غائببوون و بەجێهێشتنی کەرکوک.

دەشڵێت، چەند جار وەزیری ناوخۆ و سەرۆک وەزیرانى عێراق سەردانی هەولێریان کرد، دەتوانرا کێشەی من و ئەو ئەفسەر و کارمەندانەی تریش چارەسەر بکرێ بەڵام نەك چارەسەریان نەکرد بگرە ئاڵۆزتریان کرد.

بڵاوبوونەوەى دەنگۆى پەیوەندیکردنى عەمید سەرحەد بە یەکێتى، دواى پەیوەندیکردنى عەبدوڵاى کوێخا موبارەک هەڵسوڕاوى پیشوى دیارى گۆڕان دێت بە پارتى یەوە.